Mümin Altaş
24 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامێکدا کە ئاراستەی پاتریارکی ئەرمەنییەکانی وڵاتەکەی، ساهاق ماشڵایان کرد، رایگەیاند ''لەو باوەڕەدام کە لەبری گەورەکردنی ئازارەکان، بە وەرگرتنی ئیلهام لە پێکەوەییمان کە ریشەیەکی هەزار ساڵەی هەیە بەیەکەوە داهاتوو بنیات بنێین''.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان پەیامێکی ئاراستەی پاتریارکی ئەرمەنییەکانی تورکیا ماشڵایان کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سڵاوکردن لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ئەرمەنی دەستی بە پەیامەکەی کرد کە ئەمڕۆ لەژێر چەتری پاتریارکی ئەرمەنی ئیستانبوڵ کۆبوونەتەوە بەمەبەستی یادکردنەوەی ئەو ئەرمەنیانەی لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە هەلومەرجی سەختی جەنگی جیهانی یەکەمدا گیانیان لەدەست دا و بە رێزەوە یادی کۆچی دوایی ئەو ئەرمەنیانەی کردەوە و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاریان کرد کە لە ژیاندا ماون.
سەرکۆماری تورکیا داوای لێخۆشبوونی لە خوا بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی سەردەمی عوسمانییەکان کرد کە لە هەلومەرجی سەختی جەنگی جیهانی یەکەمدا گیانیان لەدەستداوە و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ساڵانی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی کە هاوکاتە لەگەڵ جەنگی جیهانی یەکەمدا سەردەمێکی پڕ ئازار بووە بۆ ملیۆنەها رۆڵەی عوسمانی.
ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تێگەیشتن و بەشکردنی ئەو ئازارە هاوبەشانە بەبێ جیاکاری ئایینی، نەژادی و کولتووریی ئەرکێکی مرۆییە.
گوتیشی: ''لەو باوەڕەدام کە لەبری گەورەکردنی ئازارەکان، بە وەرگرتنی ئیلهام لە پێکەوەییمان کە ریشەیەکی هەزار ساڵەی هەیە بەیەکەوە داهاتوو بنیات بنێین. لەگەڵ ئەرمینیای دراوسێماندا دەستمان بە پرۆسەیەکی ئەرێنیی کردووە بۆ ئەو ئامانجە. من ئەوە دەزانم و زۆر گرنگیی پێ دەدەم کە هاووڵاتییانی بە رەچەڵەک ئەرمەنیمان لەگەڵ هاریکاری نزیکن لەنێوان هەردوو وڵات و راستگۆیانە پشتیوانیان کردووە لە پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان''.