Abdullah Shukur
26 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2015
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی بەھۆی بەزاندنی سنووری ئاسمانی تورکیا گوتی: "ئەوەی کە پێویستە داوای لێبووردن بکات ئێمە نین. ئەوانە پێویستە داوای لێبووردن بکەن کە سنووری ئاسمانی ئێمەیان بەزاندووە. ھێزە چەکدارەکانمان ئەرکی خۆیان بەجێھێناوە. وەڵامی ئەم پێشێڵکارییەیان داوەتەوە".
ئەردۆغان لە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئینتەرناشیناڵ لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی لە لایەن تورکیاوە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس، بێکی ئەندەرسون دایەوە.
ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: "لەبارەی ئەم بابەتەوە تۆماری دەنگی بوونیان ھەیە. ئێمە ماوەی دوو رۆژە ئەم تۆمارە دەنگیانەمان بە کەناڵەکانی جیھان داوە. بۆ ماوەی پێنج خولەک ١٠ جار فڕۆکەکە ئاگادارکراوەتەوە بەڵام ھیچ وەڵامێکی نەبووە. لە دوای ئەمەش ھێزە چەکدارەکانمان بە ئەرکی خۆیان ھەڵساون ئەمەش لە نەخشەی رادارەکان بوونی ھەیە و پیشانی جیھانیشمان داوە. ھاوکات لە سایتی ھێزە چەکدارەکانی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا ماوەکە ١٧ چرکەیە. لەم ماوەیەدا دوو فڕۆکە لە دوای یەک دێن و نزیکەی ١,٧ میل لە یەکتر دوورن. ھاوکات نازانرێ سەر بە کام وڵاتن. لە دوای ئاگادارکردنەوەش دوو فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئێمە ھەڵساون و پاشان یەکێک لە فڕۆکە نەزانراوەکان بۆ سووریا گەڕاوەتەوە ئەوی دیکەش لە لایەن ئێف ١٦ەکانەوە تێکشکێنراوە".
ئەردۆغان راشیگەیاند کە لەوەو پێشیش فڕۆکەکانی رووسیا سنووری ئاسمانی تورکیایان بەزاندووە. بەم پێیەش گوتی: "لە بەرواری ١٥-١٦ی تشرینی دووەم لە لووتکەی جی ٢٠ لە شاری ئەنتاڵیا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبوومەوە و گوتم "ئەم رووداوانە ئێمە دڵگران دەکات. کە دوو پێشێڵکاری لە بەروارەکانی ٣-٤ی تشرینی یەکەم ئەنجام درابوو. لە دوای ئەمەش فڕۆکەوانەکان ئەرکی خۆیان بەرامبەر پێشێڵکارییەکان بەجێھێناوە".
ئەردۆغان راشیگەیاندووە کە لەبەر پەیوەندی ستراتیژی نێوان رووسیا و تورکیا رووداوەکە ئەوی دڵگران کردووە.
ئەردۆغان لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە داوای لێبووردن لە رووسیا دەکەن؟ گوتی: "ئەوەی کە پێویستە داوای لێبوردن بکات ئێمە نین. ئەوانە پێویستە داوای لێبوردن بکەن کە سنووری ئاسمانی ئێمەیان بەزاندووە. ھێزە چەکدارەکانمان ئەرکی خۆیان بەجێھێناوە. وەڵامی ئەم پێشێڵکارییەیان داوەتەوە".
ئەردۆغان لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی رووسی بەوەی کە گوتویانە رووداوەکە بە ئەنقەست لە لایەن تورکیاوە ئەنجام دراوە گوتی: "بەشێوەیەکی ئەنقەست ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا ناھێنینە ئەم ئاستە. ئەم جۆرە بۆچوونانە راست نین. بەھیچ شێوەیەک بەرامبەر رووسیا ئەمە بە ئەنقەست ئەنجام نادەین".
ئەردۆغان لەبارەی ئەوەی کە رووسیا وڵاتی تورکیا بە ھاوکاریکردنی تیرۆر تۆمەتبار دەکات گوتی: "من نازانم کە بەرێز پوتین ئەم ئاماژەی بەکارھێناوە یان نا. ئەگەر پوتین وا بیر بکاتەوە کە ئێمە ھاوکاری داعشین، ئەوا ئێمە ئێستا پێچەوانەکەی دەڵێین. ئەویش ئەوەیە، رووسیا لە وڵاتی سووریا بەرەنگاری داعش نابێتەوە. بە پێچەوانەوە ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو بۆردومان دەکات".
ئەردۆغان گوتیشی: "دوێنێ لێدوانێکی زۆر ناشرین دراوە بەوەی کە ئێمە نەوتی داعش دەکڕین. ئەمە زۆر ناشرینە کە بەرپرسانی رووسیا ئاماژەی پێ دەکەن. بێ رێزیێکی زۆر گەورەیە بەرامبەر ئێمە. پێویستە ئەوانەی ئەم قسەیە دەکەن بیسەلمێنن. ئێمە نەوت و گازی سرووشتی بە پلە یەک لە رووسیا دەکڕین. بە پلەی دووەمیش لە ئێران دەکڕین. بە پلەی سێیەمیش لە ئازەربایجان. کەس بۆی نییە ئێمە بەوە تۆمەتبار بکات بەوەی نەوت و گاز لە داعش دەکڕین. ئەمانە قاچاخچین".
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە سیاسەتی رووسیا و تورکیا لەبارەی سووریا پێچەوانەی یەکترن ئایا ھاوپەیمانانی سەربازیی پاڵپشتی لە تورکیا دەکەن؟ ئەردۆغان رایگەیاند کە ھەر ھێرشێک بۆ سەر تورکیا واتە ھێرشکردنە بۆ سەر ناتۆ.
ھاوکات سەرکۆماری تورکیا ئاشکراشی کرد کە رۆژی روودانی رووداوەکە بەرپرسانی سەربازیی رووسیا بانگھێشت کراون و زانیاری تەواویان پێ دراوە.
راشیگەیاند کە رۆژی رووداوەکە لەگەڵ پوتین و گفتوگۆیان نەکردووە.