Sinan Uslu
05 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە چاکسازیی ''سەرپۆش'' بانگی لە سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد و رایگەیاند: ''ئەگەر راستگۆ و دڵسۆزی وەرە با لەژێر گەرەنتی دەستووردا ئەم کارە بکەین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بانگەوازی هەمواری دەستوور لەسەر پرسی باڵاپۆشی کاردانەوەی بەرفراوانی هەبووە، کڵچدارئۆغڵو بێ دەنگە، بەڵام بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند کە بە 'نەخێر' دەنگی پێ دەدەن، ئایا ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ گوتی: ''هەر وا دەبوو، ئەوانە راستگۆ نین. پێویست بە چاکسازیی یاسایی ناکات، چونکە لەئێستادا لەژێر گەرەنتی یاساییدایە. ئەگەر راستگۆ و دڵسۆزی وەرە با لەژێر گەرەنتی دەستووردا ئەم کارە بکەین. ئەوەی دەمێنێت کۆمەڵە ماددەیەکە کە گەرەنتی بکرێن لە دەستوورەکەماندا بەشێوەیەکی فراوان. ئەوەیش لە چوارچێوەی ماف و ئازادییەکاندا کراوەیە، با پرسی سەرپۆش لەوێ جێبکەینەوە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەبارەی ئەوەی کە باس لە پێشنیازێکی دەستووریی بەرتەسک دەکەن یان گشتگیریی فراوان رایگەیاند: ''بە فراوانترین شێوە کە هەموو دامەزراوەکانی وڵات بگرێتەوە. لەئێستادا ئەندامانی کۆمیسیۆنی دەستوور و کۆمیسیۆنی دادم راسپاردووە کاری لەسەر بکەن. پرۆژە یاساکەمان دەهێنینە پەرلەمان. دوای ئەوەی هاتە پەرلەمان ئەو (کڵچدارئۆغڵو) چی دەکات؟ پشتیوانی ناکات. وەک هەمیشە دەردەکەوێت کە چەندە راستگۆیە''.