Zafer Fatih Beyaz
31 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2023
غازی عەنتاب - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ئامانجمان ئەوەیە بە گشتی ٦٥٠ ھەزار خانووی نوێ دروست بکەین کە دروستکردنی ٣١٩ ھەزاریان لەم ساڵدا تەواو دەبێت و رادەستی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان دەکرێت".
لە ناوچەی نورداغی سەربە پارێزگای غازی عەنتاب کە لە شەشی شوباتدا بەھۆی بوومەلەرزەکانی قەھرەمانمەڕەشەوە زیانی زۆری بەرکەوتبوو، سەرکۆمار، ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی گشتیی مەھەپە، دەوڵەت باخچەلی و سەرۆکی گشتیی پارتی رەفاح، فاتیح ئەرباکان بەشداریی کرد لە "مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی ئەو خانووانەی کە بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان لە غازی عەنتاب-کلیس دروست دەکرێن".
ئەردۆغان داوای رەحمەتی لە خودا بۆ ئەو کەسانە کرد کە لە بوومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەستداوە و ھیوای زووچاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست و گوتی: "دڵنیابن، ئاگری بوومەلەرزەکان نەک تەنھا دڵی خەڵکی لە ناوچە کارەساتبارەکانی سووتاند، بەڵکو دڵی ھەموو تورکیای لەگەڵ خۆیدا سووتاندووە".
بە ئاماژەدان بەوەی کە پەیامی سەرەخۆشییان لە زۆر شوێنی جیھانەوە پێگەیشتووە، ئەردۆغان وەبیری ھێنایەوە کە ئەوان دوای سێ رۆژ لە بوومەلەرزەکە سەردانی غازی عەنتابیان کردووە و دوای دوو ھەفتەش وەک ھاوپەیمانی جومھوور سەردانی غازی عەنتابیان کردووە.
سەرکۆمار ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەوان ناوەستن و بەبێ وچان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گوند و قەزا و شارانە بخەنەوە سەرپێی خۆیان کە لە بوومەلەرزەکاندا زیانیان بەرکەوتووە و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە بە گشتی ٦٥٠ ھەزار خانووی نوێ دروست بکەین کە دروستکردنی ٣١٩ ھەزاریان لەم ساڵدا تەواو دەبێت و رادەستی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان دەکرێت. لەپاڵ وەرگەتنی بۆچوونی زانا و ئەندازیارانمان، پڕۆژەکانمان ئەنجام دەدەین بە وەرگرتنی بۆچوونی بەڕێوەبەرانی شار و بازرگانان و شارەزایان و ھاووڵاتییانیش. لە ھەموو ھەنگاوێکدا کە دەینێین، مێژوو، کولتوور، ھونەر، پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵی شارەکانمان لەبەرجاو دەگرین.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بە قۆناغی دوای ھەڵبژرادنەکان دا و گوتی: "ھەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایارمان لە پێشە، دوای ئەوەی بە بێ کێشە و گرفت ئەم ھەڵبژاردنە تێدەپەڕێنین، ھەموو کات و وزەی خۆمان بۆ بونیاتنانی سەدەی تورکیا تەرخان دەکەین".
ئەردۆغان ھاوکات سەرنجی خستە سەر ئەو کەسانەی کە دەڵێن ''نابێت ئەردۆغان ببێتە کاندید' و گوتی: "ھاتوون دەڵێن دەچینە دادگای دەستووری،'نابێت ئەردۆغان ببێتە کاندید'. دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردن بە رووی ئەوانی داوەتەوە؟ دواتر دەڵێن 'دەچینە دادگای دەستووری'. رێگاتان کراوە بێت".