Gülşen Topçu,Hozan Mohammed Jabbar
13 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2023
ئیستانبوڵ - AA
ئیمارات تا ئێستا ٢١٧ فڕۆکە هاوکاریی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا ناردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر زانیاری لەبارەی هەڵمەتی"سوارچاکی ئازا ٢" بڵاوی کردووەتەوە کە بە فەرمانی سەرۆکی ئیمارات، محەمەد بن زاید ئال نهەیان بۆ ناردنی هاوکاری بەپەلە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان لە تورکیا و سووریا لە حەوتی شوباتەوە دەستی پێ کردووە.
ئاماژە بە بەردەوامیی هەڵمەتەکە کراوە و باس لەوە کراوە کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "سوارچاکی ئازا ٢" بە گشتی بە ٢١٧ فڕۆکەی بارهەڵگر حەوت هەزار و ٢٧ تۆن هاوکاریی رەوانەی تورکیا و سووریا کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، کەشتییەک کە ٣٧ هەزار و ٥٠٠ کارتۆن خۆراکی هەڵگرتبوو، لەسەر رێنمایی سەرۆکی مانگی سووری ئیمارات، شێخ حەمدان بن زاید گەیشتووەتە بەندەری لازقییە لە سووریا. باس لەوەش کراوە کە هاوکارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری سووریا دەگەیەنرێتە ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.