Deniz Çiçek Palabıyık
17 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2020
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازییەکانی بەرگریی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیسماعیل دەمیر بووە میوانی مێزی ئابووری ئاژانسی ئانادۆڵو و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ئیسماعیل دەمیر باسی لە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر چەند بەرپرسێک و سەرۆکایەتی پیشەسازییەکانی بەرگریی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کرد و ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەم بڕیارە پەیوەندی بە رابردووەوە هەیە و سێ ساڵە چاوەڕوانی وەها بڕیارێک دەکەن.
سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازییەکانی بەرگریی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیسماعیل دەمیر ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا پێیان راگەیاندوون، ئەگەر لە کڕینی سیستمی بەرگریی S-400 پاشگەز نەبنەوە، زوو یان درەنگ سزا بەسەر تورکیا دەسەپێنن.
ئیسماعیل دەمیر جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم بڕیارەی ئەمریکا بەشێوەی نەرێنی کاریگەری دەکاتە سەر پەیوەندییە دۆستانەییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن وەک دوو ئەندامی ناتۆ و گوتی: "لە روانگەی ناتۆ-وە ئەم بڕیارە لەنێوان دوو هاوپەیماندا بەشتێکی باش نازاندرێت. بەستنەوەی سزاکان بە سیستمی بەرگریی S-400 و پرسی پێدانی فڕۆکەی F-35 شتێکی هەڵەیە. ئێمە چەندین جار گوتومانە ئەگەر لەڕووی تەکنیکییەوە هەر نیگەرانییەک هەیە، وەرن با پێکەوە لەسەری گفتوگۆ بکەین, بەڵام لەم بارەیەوە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیمان لە لایەنی بەرامبەر نەبینی".
سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازییەکانی بەرگریی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جەختی لەوەکردەوە کە بڕیارەکەی ئەمریکا کاریگەی نەرێنی لەسەر تەواوی پیشەسازییەکانی بەرگریی تورکیا دروست ناکات و گوتی:
"بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا، کاریگەری لەسەر وەزارەتی بەرگریی، هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانمان دروست ناکات. له دەقی "بڕیاری سزاكانی ئهمریكا" باس لهوه كراوه كه سزاکان كاریگهری ناكەنە سهر ئهو رێككهوتن و گرێبهستانهی پێش بڕیاری سەپاندنی سزاکان، ئهنجام دراون. بۆیه پێویست ناکات نیگهران بن. پێمباشە لەبری دەستەواژەی (سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا)، دەستەواژەی 'سەپاندنی سزا بەسەر چوار کەس و دامەزراوەیەکی تورکیا' بەکاربهێندرێت، چونکە راستییەکە ئەمەیە".