Barış Gündoğan
11 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2022
ئەنقەرە - AA
لە ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ و تیمەکانی میت، ١٤ گومانلێکراو قۆڵبەستکران کە بەکرێگیرابوون بۆ ئەوەی ھاوکاری ھەواڵگریی ئێران بکەن لە رفاندنی ژمارەیەک کەسی ئۆپۆزسیۆنی ئێران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی ئاسایش وەرگیراون، ئەوە دەستنیشانکراوە کە ئیحسان ساغلام کە خاوەنی کۆمپانیەکی بەرگرییە بەناوی بای ساغلام (By Sağlam) و ھاووڵاتییەکی ئێرانی کە لەلای ناوبراو کاری کردووە بە ناوی مۆرتەزا سۆڵتان سانجاری، ھەوڵی رفاندنی کەسانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیان لە تورکیا داوە.
ھاوکات ئەوەش ئاشکرابووە کە ساغلام و سانجاری رێنماییان لە دوو کەس بە ناوەکانی سەید مەھدی حۆسەینی و عەلی قارەمانی حاجی ئاباد وەرگرتووە کە ھەردووکیان کاریان بۆ ھەواڵگریی ئێران کردووە.
ئەوەش زانراوە کە لە چەند کاتێکی جیاوازدا بڕی ١٥٠ ھەزار دۆلار بە ساغلام و تیمەکەی دراوە بەمەبەستی رفاندنی کەسانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و بۆ پیلانی رفاندنی کەسانی دیکەش بەڵێنی پێدانی پارە لەلایەن بەرپرسانی ھەواڵگریی ئێرانەوە دراوە.
ھاوکات ئەوەش ئاشکرابووە کە پیلانەکە بە پێدانی ناوی ئەو کەسانەی کە ھەواڵگریی ئێران نیازی ھەبووە بیانڕفێنێت بە ساغلام و سانجار دەستی پێکردووە و دواتریش شوێنەکان دەستنیشانکراون.
ساغلام و سانجار داوی ئەوەی شوێنی ئەو ھاووڵاتییە ئێرانیانەیان دۆزیووەتەوە کە ویستراوە برفێندرێن، لەگەڵ ئەو کەسانە یەکتریان ناسیوە و ھەوڵیانداوە متمانەیان بەدەستبھێنن.
ئەوەش ئاشکرابووە کە یەکێک لەو کەسانەی کە ھەواڵگریی ئێرانی ناوی داوە بۆ ئەوەی برفێندرێت، ئەفسەرێک بووە کە پێشتر لە سوپای نیزامی ئێران کاری کردووە بە ناوی یەعقوب حافزی.
بۆ ئەوەش ئیحسان ساغلام بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو کەسە ئۆپۆزسیۆنەی ئێران کە لە شاری دەنیزلی تورکیا دەژیت، بۆ وەرگرتنی زانیاری پێویست ئەشکەنجەی ئەو قاچاخچییەی داوە کە حافزی ھێناوەتە تورکیا.
سانجاری و ساغلام بەمەبەستی بەدەستھێنانی متمانەی حافزی پێیان گووتوە کە ھەواڵگریی ئێران بە چاودێری دەکات و داواشیان لێکردووە کە دەتوانن بەڵێنی پێ بدەن کە خۆی و خێزانەکەی بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازنەوە. لە بەرامبەردا حافزی باوەڕی بەم وتانە کردووە و لە ١٧ی شوباتی ٢٠١٩ خۆی و خێزانەکەی کە پێیانوابووە لە خاکی عێراقەوە بەرەو وڵاتێکی دیکە دەبردێن، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە رادەستی ھەواڵگریی ئێران کراون.
ئەوەشزانراوە کە سەیدمەھدی حۆسەینی کە کار بۆ ھەواڵگریی ئێران دەکات، فەرمانی بە مۆرتەزا سانجاری و ئیحسان ساغلام داوە کە لە بەرامبەر یەک ملیۆن دۆلار، کەسێک بە ناوی کورتکراوی م.ر کە کاتێک لە ریزی ھێزەکانی دەریایی ئێران بووە و ھەڵاتووە بۆ تورکیا، برفێنن و بیھێنەوە ئێران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەدەستکەوتوون، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، ئەوە دەستنیشانکراوە کە ئەو کەسە ھەڵاتووەی ھێزەکانی دەریایی ئێران، لە رێستۆرانتێک لە شاری یەلۆڤای تورکیا کاردەکات، بۆ ئەمەش کەسێک بە ناوی ھاکان ساغلام کە لە تیمی ئیحسان ساغلام و سانجاری دابووە، خراوەتەبەر ئەرک.
ھاکان ساغلام دەستیکردووە بە کارکردن لە ھەمان رێستۆرانت و خۆی بە م.ر (ئەو کەسەی لە ریزی ھێزەکانی دەریایی ئێران ھەڵاتووە) ناساندووە و پاشانیش ئیحسان ساغلام و سانجاری پێ ناساندووە. ئەو دوو کەسە بە م.ر-یان گوتووە کە دەتوانن ھاوکاری بکەن بۆ ئەوەی بە قاچاخ بگاتە ئەمریکا. بەڵام پیلانەکە بە دروستبوونی گومان لەلایەن م.ر و ھەروەھا بە ھاتنە سەرخەتی ھودایوەردی چتاک کە ئەویش کارمەندێکی خانەنیشی سوپای تورکیایە و لەلایەن ئێرانەوە ئەرکدار کراوە بۆ رفاندنی م.ر، تێکچووە.
ھاوکات عەلی قارەمانی حاجی ئاباد کە کاری بۆ ھەواڵگریی ئێران کردووە، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو داوای لە ئیحسان ساغلام کردووە کە کەسێک بە ناوی س.گ کە بۆ تورکیا ھەڵاتووە، بھێنێتەوە ئێران.
لە دوای ئەوەش سانجای و کچە ھاوڕێیەکی بە ناوی بەھناز ئیبراھیمی حاجی سارای، ناونیشانی س.گ-یان لە زۆنگولداک دەستنیشانکردووە، دواتریش ئیحسان ساغلام و کارمەندێکی پێشووی سوپای تورکیا بە ناوی کامیل تاشچی دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بەڵام تیمەکانی میت پیلانی رفاندنەکەیان ئاشکراکردووە و زانیاریان داوەتە ھۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی میت و ھێزەکانی ئەمنی تورکیا، دوو ھاووڵاتیی ئێران و ١٢ ھاووڵاتیی تورک قۆڵبەستکران.
ھەر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سێ کەسی بە رەچەڵەک ئێرانی دەرکرا و ١٤ کەسیش لە رێکەوتی ٩ی شوبات لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرکرا.