ئەنقەرە
توركیا پێگەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە باكووری سووریا و پێگەی پەكەكەی لە باكووری ھەرێمی كوردستان كردە ئامانج.
سەنتەری ھەماھەنگی سەرۆكایەتی وەزیرانی توركیا لە بارەی ھێرشەكان روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە تیادا ئاماژە بەوە كراوە كە بۆ پاراستنی وڵات و ئاسایشی میللەت ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامی ھەیە.
لە روونكردنەوەكەدا ھاتووە "بۆ تاوتوێ كردنی دواین رەوشی ئۆپەراسیۆنەكان و دوایین پێشهاتەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەعات 02.20 خولەك بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو كۆبوونەوەی ئاسایش بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا یەكەكانی بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەكان زانیاری نوێیان داوەتە داودئۆغڵو، سەر ئەنجام بڕیار دراوە لە ئۆپەراسیۆنی دژی تیرۆردا رێوشوێنی زیاتر بگیرێتە بەر.
لە روونكردنەوەكەدا ھەروەھا ھاتووە "بە درێژایی شەو ھێزەكانی ئاسمانی توركیا لە باكووری سووریا و باكووری ھەرێمی كوردستان ھێرشیان بۆ سەر چەكدارانی پەكەكە ئەنجام داوە. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكاندا 24ی تەمووز پێگەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە باكووری سووریا و پێگەكانی رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە لە باكووری ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی كاریگەر بۆردومان كراون. بنكە و حەشارگەكان، كۆگاو خاڵەكانی لۆجیستی رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە لە زاب، مەتینا، گارە، ئاڤاشین، خواكورك و قەندیل بە چەكی مۆدێرن و كلاسیك بۆردومان كرا. ھێزەكانی سەر بە فەرماندەیی ھێزەكانی وشكانی توركیا ھاوكات لەگەڵ ھێزەكانی ئاسمانی لە رێگەی وشكانیەوە ھێرشیان كردووەتە سەر پێگەكانی داعش و پەكەكە. لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكان نەتەوە یەكگرتووەكان، پەیمانی ناتۆ و ھاوپەیمانەكانی دیكەمان ئاگادار كراونەتەوە".
لە روونكردنەوەكەدا باسی ئۆپەراسیۆنەكانی نێو وڵاتیش كراوە "یەكەكانی سەر بە فەرماندەیی گشتی ھێزەكانی جەندرمە و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی لە نێو خۆی توركیادا لە 22 پارێزگا ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشیان دژی ئەو گرووپە توندڕە و مارجینالانە ئەنجام دا كە بوونەتە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی توركیا و ئامادەكاریان كردووە بۆ چالاكی چەكداری لە توركیا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكان 320 كەس كە پەیوەندییان بە رێكخراوەكانی تیرۆریستی ھەیە دەستگیركران".
ئاماژە بەوەش كراوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ھاووڵاتییان و ئاسوودەی وڵات ئامادەیی خۆیان نیشانداوە كە ھەموو ھەنگاوێك بگرنە بەر و سەرجەم تواناكانی دەوڵەتی بخەنەگەڕ.