Mazın Asad,Abdullah Shukur
12 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2017
ئەنقەرە - AA
سەنتەری لێکۆڵینەوەی TRT World کە یەکەم کەناڵی ھەواڵە بە زمانی ئینگلیزی لە تورکیا، بە مەبەستی ناساندنی ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی(فەتۆ)، کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی ئامادە کرد.
کتێبەکە لە ١٣٣ لاپەرە پێکدێت کە لەلایەن خەلیل بەرکتای و پنار کاندەمیر بەرپرسانی کەناڵەکە بەناوی "History and Memory: TRT World in the Face of July 15 Coup" (مێژوو و یادکردنەوە: ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز لە چاوی TRT World) ئامادە کراوە کە لە ژێر رۆشنایی شرۆڤەیەکی مێژوویی باسی ھەوڵی کودەتاکە دەکات.
پێشەکی کتێبەکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی TRT، ئیبراھیم ئەرەن نووسراوە.
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بەناوی "مێژوو" باس لە وتارێکی خەلیل بەرکتای لە ژێرناونیشانی "ئەگەر سەرکەوتبووبان؟" دەکرێت.
لە کتێبەکەدا سەرەتا بەشێوەیەکی تێروتەسەل باسی پێشھاتە گرنگەکانی مێژووی سیاسی نزیکی تورکیا و کودەتا سەربازییەکان و گرفتەکان دەکات. پاشان سات بەسات ئاماژە بە ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ و ١٦ی تەمووز لە ئەنقەرە، ئیستانبوڵ و مارماریس دەکات.
لەو بەشەی تیشک دەخاتە سەر رۆڵی گرنگی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم و سەرۆک ئەرکانی سوپا، جەنەڕاڵ خوڵوسی ئاکار و راوێژکاری دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی (میت)،ھاکان فیدان و فەرماندەی ھێزەکانی تایبەت زەکایی ئاکسەکاڵڵی و سەربازی شەھید عومەر ھالیسدەمیر لە رێگریکردن لە ھەوڵی کودەتاکە، باسی شەوی رووداوەکان و روونکردنەوەکان دەکرێت.
لە بەشێکی کتێبەکەدا بە ناوی "ھاریکاری و بەرخودانی پەرلەمان"، باس لەوە دەکرێت کە چۆن رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ لە کۆمەڵەیەکی ئایینی و بزووتنەوی خزمەتەوە، گۆڕاوە بۆ رێکخراوێکی تاوانکار. ھاوکات ھەر لەم بەشە باس لە چوار ناوی دیاری نێو ئەم رێکخراوە دەکرێ.
لە بەشی دووەمی کتێیەکەدا لە ژێر ناونیشانی "یادکردنەوە" باس لە روانگەی کارمەندانی کەناڵی TRTبۆ ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز دەکرێت. ھەر لەو بەشەدا باس لە کاریگەرییەکانی ئەم ھەوڵی کودەتایە بۆ سەر TRT Wold کراوە.
لە کۆتایی کتێبەکە ئاماژە بە وتەکانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی TRT Wold Haber کراوە.
لە پاڵ ئەمەش ئەم کتێبە چەندین وێنەی کاریگەری پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەخۆ دەگرێت.
دوێنێ کەناڵی TRT Wold رایگەیاند کە لە مانگەکانی تەمووز، ئاب و ئەیلوول لە ١٠ وڵات، کۆنفرانس و پانێلی جیا لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی TRT Wold رێکدەخرێت و تێدا لەگەڵ رۆژنامەنووسانی بیانی ھەڵسەنگاندن بۆ ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ دەکرێت.