ئاكار داوای له ناتۆ كرد له‌باره‌ی ئیدلب هه‌نگاوی به‌رجه‌سته بهاوێت
وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار: 'ده‌بێت وڵاتانی ناتۆ، ئه‌ورووپا و جیهان له نزیكتره‌وە ته‌ماشای ئه‌و بابه‌تە (هێرشی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د بۆسه‌ر ئیدلب) بكه‌ن و هه‌نگاوی جددی و به‌رجه‌سته بنێن''
Ankara
ئه‌نقه‌ره - AA
وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار داوای له ناتۆ كرد هه‌نگاوی به‌رجه‌سته بهاوێت له‌باره‌ی هێرشه‌كانی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د له ئیدلب.
خولوسی ئاكار له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشیه‌تد پرێس، باسی له پێشهاته‌كانی ئیدلب كرد.
وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه فه‌رمانی به سه‌ربازه‌كان كردووه هه‌ركاتێک رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د هه‌ر هێرشێكی كرده سه‌ر خاڵه چاودێریه‌كان یان سه‌ربازییه‌كان ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێزتر وه‌ڵامی بده‌نه‌وه و گوتی: ''هه‌رشتێك رووبدات وه‌ڵامی ده‌بێت. ئێمه ده‌یانجار گوتمان كه كارمه‌ندان و سه‌ربازانمان له وێ (خاڵه‌چاودێرییه‌كان له ئیدلب) ناكشێنینه‌وه. به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان''.
خولوسی ئاكار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه توركیا له هیچ كام له‌و ١٢ خاڵه چاودێرییه‌ی له ئیدلب ناكشێته‌وه، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی سه‌ربازانی تورك فه‌رمانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توندی ئه‌و هێرشانه‌یان هه‌یه كه سووریا ده‌یكاته سه‌ر خاڵه سه‌ربازییه‌كان.
وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار باسی له‌وه كرد كه توركیا گوشاری له رووسیا كردووه كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د به‌كاربهێنێت بۆ كشانه‌وه بۆ ئه‌و هێڵه‌ی کە پێشتر هێزه‌كانی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ئاگربه‌ست له‌باره‌یه‌وه رێككه‌وتبوون و رێگای نێوده‌وڵه‌تی -M-5 كه گرنگیی ستراتیجی هه‌یه جێبهێڵن و گوتی: ''داوامانكرد ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی رژێم له رێگای نێوده‌وڵه‌تی M-5 بكشێنه‌وه و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و خواسته''.
- ''ئامانجی توركیا ده‌سته‌به‌رکردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكییه بۆ ماڵه‌كانیان''
وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار رایگه‌یاند ''داوای لێده‌كه‌ین (له رووسیا) ده‌سته‌به‌رکردنی راگرتنی ده‌ستبه‌جێی هێرشه‌كانی ئه‌و رژێمه بكات و له ئه‌نجامیشدا ده‌سته‌به‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی بكرێت بۆسه‌ر ماڵ و زێدیان''.
خولوسی ئاكار ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه ئامانجی توركیا له ئیدلب پشتیوانیكردنه له رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست (لێكتێگه‌یشتنی سۆچی) كه له ٢٠١٨‌دا دانوستانی له‌سه‌ر كراوه و رێگرتن له شه‌پۆلێكی كۆچ.
وه‌زیری به‌رگریی توركیا له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا چاوه‌ڕوانی توركیا له كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی به‌رگری ناتۆ چییه؟ ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه چاوه‌ڕوانیان له هاوپه‌یمانانیان هه‌ڵنانی هه‌نگاوی به‌رجه‌سته‌یه بۆ راگرتنی هێرشه‌كانی سه‌ر ئیدلب كه شه‌پۆلێكی نوێی كۆچی لێده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌یش هه‌ڕه‌شه له ئه‌ورووپا و ئه‌ولاتریشی ده‌كات.
خولوسی ئاكار هۆشداریدا له‌وه‌ی ره‌وشی مرۆیی ئیدلب ده‌بێته هۆی زیادبوونی توندڕه‌وی و گوتی: ''ده‌بێت وڵاتانی ناتۆ، ئه‌ورووپا و جیهان له نزیكتره‌وە ته‌ماشای ئه‌و بابه‌تە (هێرشی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د بۆسه‌ر ئیدلب) بكه‌ن و هه‌نگاوی جددی و به‌رجه‌سته بنێن. ئه‌و كه‌سانه‌ی ماڵ و خێزانیان له‌ده‌ستداوه له بێ چاره‌ییدا هه‌وڵی ئه‌نجامدانی شتێك ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌یش ده‌ستی توندڕه‌وه‌كان به‌هێز ده‌كات. به‌و هۆیه‌وه رێگا له‌به‌رده‌م توندڕه‌وی ده‌كرێته‌وه''.