ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا و گوتەبێژی حکومەت بولەند ئارنچ، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لە بارەی ئیمزاکردنی ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێی تورکیاوە، رایگەیاند: لەمیانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، لە چوارچێوەی دەستووری بنەڕەتی عێراقی فیدراڵ و تورکیا رێککەوتنیان ئەنجامداوە.
ئارنج گوتی: "دەزانم ئێوە دەتانەوەێ جەخت لە سەر ئەوە بکەنەوە کە ئایا گرێبەست و پەیماننامە مۆر کراوە یا نا؟ منیش دەمەوێ جەخت لە سەر ئەوە بکەمەوە لە سەر ئەو پەیمانانە تورکیا و ھەرێمی کوردستان رێککەوتوون."
ئارنچ زیاتر گوتی: "ئەو پەیمانانەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتە تورکییەکاندا ئیمزای کردوون، لە چوارچێوەی یاسای تایبەتیدان و ناکەونە چوارچێوەی پەیمانی نێودەوڵەتی، ئەوانە پەیمانی تایبەتین و ئەو جۆرە پەیمانانەیش یاسای تایبەتی خۆیان ھەیە. لەو چوارچێوەیەدا تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستووری بنەڕەتی فیدراڵ رێککەوتوون."