Sangar Hamad Azeez
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2016
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کوماری تورکیا ئیبراهیم کاڵن، لە میانی گوتارێکیدا کە لە رۆژنامەی " New York Times" ئەمریکی نوسیبووی جەختی لە پێویستی رادەستکردنەوەی سەرکردەی رێکخراوی فەتحوڵڵاچییەکان واتە فەتحوڵڵا گولەن لە دوای کودەتا سەربازییەکەی تورکیا کردەوە.
کاڵن گوتارێکی بۆ رۆژنامەی "New York Times" بە ناونیشانی "دەبێت سەرکردەی کودەتا باجەکەی بدات" لە گوتارەکەدا جەختی کردەوە لەوەی کە "پلاندانەری کودەتاکە کە فەتحوڵڵا گولەنە بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە کودەتاکە سیناریۆ بووە، ئەمەش تۆمەتێکی دیکەی قێزەونە و وەک ئەوە وایە کە بڵێن تەقینەوەی ١١ی سێپتەمبەر ئەمریکا خۆی ئەنجامی داوە".
لە درێژەی گوتارەکەدا هاتووە: "ئەمریکا دەبێت لە چوارچێوەی رێککەوتنی هەردوولا فەتحوڵڵا گولەن وەک هاووڵاتییەکی تورک رادەستی تورکیا بکاتەوە. هەروەها تورکیا چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لەسەر بابەتەکە داوەتە کاربەدەستانی ئەمریکا و چەندین بەڵگەی دیکەش هەن کە بەم زووانە رادەستیان دەکات. نابێت ئەمریکا ئەو زاتە داڵدە بدات یاخود رێگە بدات بۆ وڵاتانی دیکە رابکات".