Abdullah Shukur
25 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2016
نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای بۆردومانەکانی رژێمی ئەسەد و رووسیا لە شاری حەلەب و کوژرانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی سڤیل بەم ھۆیەوە بە پەلە کۆبووەوە.
ھاوکات نوێنەری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستافان دی میستورا لە سەرەتای کۆبوونەوەکە زانیاریی لەبارەی دواپێشھاتەکانی سووریا پێشکەش کرد.
دی میستورا رایگەیاند کە رژێمی سووریا تاکلایانە کۆتایی ھاتنی رێککەوتنی ئاگربەستی راگەیاندووە و دەستی بە بۆردومانێکی چڕ کردووە.
دی میستورا ئاشکراشی کرد کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ھێرشەکاندا کوژران. گوتیشی:" بۆردومانەکانی حەلەب ھەم لە رووی بڕەوە ھەمیش لە رووی جۆرەوە لە قورسێتی چەشنی نییە. ئەگەر بەمەبەستی حکوومەتی سووریا سەرکەوتنی شەڕ بێت لە شاری حەلەب ئەوا چەندین مانگ دەخایەنێت و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان سەرھەڵدەدات".
دی میستورا ھەڵسەنگاندنی بۆ وێنە و ڤیدیۆیەکانی کوژرانی خەڵکی سڤیل لە حەلەب کرد و راشیگەیاند کە لەوانەیە بەھۆی بەکارھێنانی جۆری بۆمبەکان ھێرشەکانی رژێم بە تاوانی شەڕ ناوببردرێت".
دی میستورا رەخنەی توندی لە ھێرشەکانی رووسیا و سووریا بۆ سەر شاری حەلەب بە بیانووی تیرۆر گرت و گوتی: "زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کەس نابێتە تیرۆریست".
دی میستورا ئاشکراشی کرد کە ھیچ لایەنێک لەم شەڕ سەرناکەوێت و ئەگەر شەڕ و پێکدادانەکان رانەگیرێن ئەوا دواجار گەلی سووریا دەدۆڕێنێت.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا ستافان دی میستورا بانگھێشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە دووبارە ھەوڵبدەن بەمەبەستی بەردەوامی رێککەوتنی ئاگربەستی لە سووریا.
لەبارەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی دی میستورا رایگەیاند کە ئەگەر دەستلەکاربکێشێتەوە ئەوا گەلی سووریا وادەزانێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وازی لەوان ھێناوە بۆیە دەستلەکار ناکێشێتەوە.