Zana Natık Kerem
26 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2018
ئەنقەرە ــ AA
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەگوڕی ٥.٩ پلە بەپێوەری رێختەر شارۆچکەی تازەئاباد سەربە پارێزگای کرماشان رۆژئاوای ئێرانی ھەژاند بریندار بوون، بۆ ٣١٠ کەس بەرزبوویەوە.
دامەزراوەی فریاکەوتنی بەپەلەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی تازەئاباد روویداوە، دوو کەس کە یەکێکیان ئافرەتە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش لە ٢٤١ کەسەوە بۆ ٣١٠ کەس بەرزبووەتەوە.
ھاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووە کە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، حەسەن روحانی لە میانی ئەنجامدانی چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی لە پارێزگای کرماشان داوای کردووە کە بە خێرایی دەست بە رزگارکردنی دانیشتوانی شارۆچکەی تازەئاباد بکرێت، ھەروەھا قەرەبووی ئەو کەسانەش بکرێنەوە کە بە ھۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
پێشتر دامەزراوەی فریاکەوتنی بەپەلەی ئێران لە روونکردنەوەیەکەدا رایگەیاندبوو، بەھۆی ئەو بوومەلەرزەیەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەگوڕی ٥.٩ پلە بەپێوەری رێختەر شارۆچکەی تازەئاباد سەربە پارێزگای کرماشان ھەژاند، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٤١ کەسیش برینداربوون.