Hamit Hüseyin
23 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2016
ھەولێر
ئەمڕۆ دووەمین کاروانی پێشمەرگەکانی بریندار کە پێکھاتبوون لە ٦٢ کەس بۆ چارەسەری پزیشکی لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رەوانەی وڵاتی تورکیا کران. و ھەورەھا لەگەڵ ئەم کاروانە ٦ کەس لە کەسوکاری چەند بریندارێکی سەخت یاوەریان بوون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر سەرکۆنسولی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان محەمەد ئاکیف ئینام گوتی: "ئەمڕۆ ٦٢ پێشمەرگە و ٦ کەس لە کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە رەوانەی تورکیا کران ئێمە ھەمیشە بە پێی توانای خۆمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووین لە ھەموو بوارێکدا و بەشێکی ئەو یارمەتیانە پەیوەستە بە ھێزی پێشمەرگە، چونکە پێشمەرگە لە شەری داعش کارێکی زۆر گەورەی کردووە، ھیواخوازین ئەو پێشمەرگانە تەندروستیان باش بێت و بۆ کاری خۆیان بگەرێنەوە".
ئاکیف ئینام گوتیشی: "بە شێوەیەکی گشتی ئێمەش یارمەتی پێشمەرگەکانمان داوە و ھیوامان وایە بۆ لەمەودوا شەر نەمێنێت وتا برینداريش نەمێنێت". ئاکیف ئینام سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەروەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ هەماهەنگی کارەکانیان.
بەڕێوبەری گشتیی کاروباری پزیشکی لە وەزارەتی پێشمەرگە،لیوا د. موحسین موحەمەد زەنگەنە لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " ئەمڕۆ کاروانێکی دیکە لە پێشمەرگە بریندارەکان رەوانەی وڵاتی تورکیا کران و سوپاسی وڵاتی تورکیا دەکەین و ئەمەش یەکەم ھاوکاری نییە کە بۆ ئێمە کراوە، تورکیا چەندین جارە ھاوکاری ئێمە دەکات ھەر لە سەرەتای شەری داعش تا ئێستا ھاوکاری ئەوان بەردەوام بووە".
بەڕێوبەری گشتیی کاروباری پزیشکی لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "زۆرترین ژمارەی پێشمەرگە بریندارەکانی ئێمە لە وڵاتی تورکیا چارەسەر کراون و زیاتر لە ٤٥٠ برینداری ئێمە لەو وڵاتە چارەسەر کراون و ھەروەھا زۆر جار بریندارەکانى فریاکەوتن بە ھاوکاری کۆنسولخانەی تورکیا بە بەرگە و بە بێ پاسپورت رەوانەی نەخۆشخانەکانی تورکیا کراون".
ناوبراو گوتیشی: "ئەمڕۆ ٦٨ کەس رەوانەی تورکیا دەکرێن و گشت تێچووی ئەم چارەسەرییە ھەر لە بلێتی فڕۆکە و ڤیزە و خەرجی نەخوشخانە لە سەر ولاتی تورکیایە و تەنیا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەر پێشمەرگەیەک ١٠٠٠دۆلاری بۆ خەرجی شەخسی دابینکردوە و بە ھیواین ئەو برا پێشمەرگانە چارەسەری لە نەخۆشخانەی ئەنقەرە وەربگرن و بگەرێنەوە نێو رێزەکانی پێشمەرگە".
یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی شەری داعش محەمەد قاسم کە بۆ وڵاتی تورکیا دەچوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " من لە ساڵی ٢٠١٤ لە شارەدێی گوڵاڵە بریندار بووم و ئەوە بۆ جاری دووەم من رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێم، من پێم بریندارە و ئەوە دوو ساڵە چارەسەری تەواوم بۆ نەکراوە، زۆر سوپاسی وەزارەتی پێشمەرگە و توركيا دەکەم".
ھەروەھا چەندین پێشمەرگە لە نێو کاروانی پێشمەرگە بریندارەکان بوون کە داوایان دەکرد کە ھەموو پێشمەرگەکانی بریندار رەوانەی دەرەوە بکرێن. و بریندارەکان لە ھەموو سەنگەرە جیاوازەکانی پێشمەرگە لە نیو ئەو کاروانەدا بوون کە بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی تورکیا کران.