Abdullah Shukur
23 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2016
پەرلەمانی تورکیا
کۆمسیۆنی دەستووری تورکیا کە لە ھەر سێ ئەندامی سکرتێری گشتی ئاک پارتی عەبدولحەمید گول، جێگری سەرۆکی گشتی جەھەپە بولەند تەزجان و پەرلەمانتاری ئافیۆنقەرەھیسار لەسەر لیستی مەھەپە محەمەد پارساک پێکھاتبوو، کارەکانی مینی پاکێجی دەستووری وڵاتیان تەواوکرد.
لە دوای کۆبوونەوەکە ھەر سێ ئەندامەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان رێکخست.گول رایگەیاند کە تاکو ئەمڕۆ نۆ کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و گوتیشی: "ئێمە وەک سێ ئەندامی کۆمیسیۆنی دانوستان کە لەلایەن پارتەکانمانەوە دەستبەکاربووین، لە ئەمڕۆوە کارەکانمان تەواوکردووە".زیاتر گوتیشی: "گشت ئەو کارانەی کردوومانە و ئەو ماددانەی لەسەری رێککەوتووین، پێشکەش بە سەرۆکی گشتیی پارتەکانمان دەکەین، لەدوای ھەڵسەنگاندنیان لە لایەن ئەوانەوە، دەکرێنە یاسا و دەکرێنە رۆژەڤی پەرلەمان. لەسەر حەوت ماددەی ئێستای نێو دەستوور رێکەوتووین. لەوانەیە چەند ماددەیەکی دیکە زیادبکەین و گۆڕانکاریی جیاواز ئەنجامبدەین".
جێگری سەرۆکی گشتی جەھەپە بولەند تەزجان رایگەیاند کە کارەکانی گۆڕانکاری دەستووریان تەواو کرد و بەم پێیەش لەسەر حەوت ماددەی نێو دەستوور رێککەوتوون.تەزجان جەختیشی لەوە کردەوە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی کارەکانیان کۆتایی ھاتووە و بەدەر لەو حەوت ماددەیەی کە لەسەری رێکەوتوون لەوانەیە لەسەر چەند ماددەیەکی دیکەش لە داھاتوودا رێکبەکەون.لە لایەکی دیکەش پەرلەمانتاری ئافیۆنقەرەھیسار لەسەر لیستی مەھەپە محەمەد پارساک رایگەیاند کە لە دوای ھەڵسەنگاندنی کارەکانی کۆمسیۆن لە لایەن سەرۆکی پارتەکان، مینی پاکێجی دەستوور تەواو دەبێت.