Hemn Baban
11 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2015
هەرێمی كوردستان خاوەنی 13 بەنداوە كە تەنها سێیان بەنداوی گەورەن، 20 بەنداویش لە ژێر دروستكردندان.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەندازیار ئەكرەم ئەحمەد لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەهۆی باران بارینی چەند رۆژی رابردوو بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر بەرز بووەتەوە سەرباری ئەوەش هێشتا بەنداوەكە تەنها 30 لەسەدی ئاوی تێدایە، دەشڵێت لافاوەكانی چەند رۆژی رابردووی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كاریگەریی لەسەر ئەو بەنداوانە نییە كە تەواوبوون و لەكاردان.
ئەكرەم ئەحمەد لەو بارەیەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهاندا لە ئارادایە و هەرێمی كوردستانیشی گرتووەتەوە، باران لە چەند رۆژی رابردوو لە هەرێم بەشێوەیەكی جیاجیا باریوە، ئەو بارانەی لە گەرمیان باری بە نموونە زۆر جیاوازبوو لەوەی كە لە ناوچەكانی دیكە باری، لە بەنداوی دەربەندیخان ئێستا نزیكەی 350 ملم باران باریوە، لە بەنداوی دوكان نەگەیشتووەتە 100 ملم، ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان نزیكەی پێنج مەتر زیادبووە و جیاوازی هەیە لە چاو ساڵی پار، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كاریگەریی ساڵانی رابردووی لەسەر ماوە، چونكە ئێستا بەنداوەكە تەنها 30 لەسەدی ئاوەكەی تێدایە، داهاتی ئاومان لەو بەنداوە لە ئێستادا 500 مەتر سێ جایە لە چركەیەكدا، لە كاتێكدا لە ساڵی پار ئەم كاتانە تەنها 40 مەتر سێجا بوو لە چركەیەكدا، ئەو بارانەی هات پێشبینیكرابوو و هی دیكەش بەڕێوەیە".
گوتیشی: "هەرچی بەنداوی دوكانە جیاوازییەكی ئەوتۆی نەكردووە لەگەڵ ساڵی پار، بەڵكو تەنها 90 سانتیمەتر لەگەڵ ساڵی پار جیاوازیی هەیە". باسی لەوەش كرد كە نەتوانراوە سوودی پێویست لەو ئاوە زۆرەی چەند رۆژی رابردوو وەربگیرێت.
لەبارەی مەترسیی لافاوی چەند رۆژی رابردوو لەسەر بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ناوبراو رەتی دەكاتەوە كاریگەریی لەسەر ئەو بەنداوانەی كە تەواوكراون بەجێ بهێڵێت و دەڵێت "ئەو لافاوەی چەند رۆژی رابردوو هیچ مەترسییەكی بۆ سەر ئەو بەنداوانەی تەواوبوون و لەكاردان دروست نەكردووە و هیچ زیانی پێ نەگەیاندوون، بەڵام زیان بەو بەنداوانە دەگەیەنێت كە تەواونەكراون كە نزیكەی 20 بەنداوێك دەبن، ئەوەش پاشتر چارەسەری دەكەین".
ئەندازیار ئەكرەم ئەحمەد لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ژمارەی بەنداوەكانی كوردستانیش ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت "لە هەرێمی كوردستان ئێستا 13 بەنداومان هەیە، 10 یان بچووك و مامناوەند و سێ بەنداوی گەورەشمان هەیە".
ئەو لەبارەی پرۆژەكانی ستراتیجیشەوە لە بونیادنانی بەنداوەكانەوە روونی كردەوە پرۆژەیەكیان بۆ دروستكردنی سەدان بەنداو هەبووە كە مەبەست لێیان دابین كردنی ئاسایشی ئاو و لەوێشەوە ئاسایشی خۆراك بووە، لەو رووەوە روونی دەكاتەوە" ئێمە ماستەرپلانێكمان هەبوو بۆ دروستكردنی 250 تا 300 بەنداو، زۆرینەیان قۆناغی لێكۆڵینەوە و دیزانییان تەواوبوو، لەوانە 27یان خرایە ژێر جێبەجێ كردن و ئێستا 10 بەنداوێكی بچووكیان ئامادەن و ئاویان تیا كۆكراوەتەوە، ئەوی دیكەش بەشێكیان بە حاڵەتی باش و بەشێكیان بە سستی و بەشێكیان راوەستاون".
گوتیشی: "ماستەر پلانەكە لەلایەن كۆمپانیای ئەكوا پرۆیكتیكی رۆمانییەوە ئەنجامدرا بوو كە 300 شوێنی لە هەرێم بۆ دروستكردنی بەنداو دیاری كردبوو، تێچووی دروستكردنی ئەو بەنداوانەش نزیكەی شەش ملیار دۆلار بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی كەمیان چوونە واری جێبەجێ كردنەوە كە چەند بەنداوێكی كەمن".
ئەوەشی زیاد كرد "دروستكردنی ئەو بەنداوانە كە بچووك و مام ناوەند و گەورەشیان تێدایە لە 10 ساڵی داهاتوودا دەبێتە هۆی دابینكردنی ئاسایشی ئاو و خۆراك، بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەش قەیرانی ئاومان نامێنێت، ئیدی باران زۆر بێت یان كەم، یان لە سنوورەكانەوە ئێران یان توركیا ئاویش كەم بكەنەوە كێشەی ئاومان بۆ دروست نابێت".
دەربارەی بەنداوی گەورەشەوە گوتی: "لەنێو ئەو 300 بەنداوە 10 یان بەنداوی گەورەن لەنێویاندا دروستكردنی بەنداوی تەق تەق كە 44 كلیۆمەتر لە خوارووی بەنداوی دوكانەوەیە و توانای هەڵگرتنی بڕی دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە".
ئەندازیار ئەكرەم ئەحمەد ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی وەبەرهێنان ئامادەیی خۆیان بۆ دروستكردنی بەشێك لەو بەنداوانەی لە ماستەرپلانەكەیاندا هاتووە نیشانداوە بە شێوازی قەرز، بەڵام چاوەڕوانی وەڵامی حكوومەتن.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەندازیار ئەكرەم ئەحمەد لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە بەنداوی مووسڵ دەكات كە لەبارەی مەترسیی رووخانییەوە چەندین جارە هۆشداری دەدرێت و دەڵێت بەنداوی مووسڵ لە سەرەتای دیزاین و لەكاتی تەواوبوون و پاش تەواوبوونیش هەستكرا كێشە لە بنچینەی بەنداوەكە نەك لە جەستەكەی هەیە.
دەشڵێت: "توانەوەی چینەكانی كلسی ژێر بەنداوەكە هۆكاری دروستبوونی مەترسیی كەوتنی بەنداوەكەیە، هەر بۆیەش لەو رۆژەوە هەست بەو مەترسییە كراوە چەندین كۆنفڕانس و توێژینەوەی لەسەر دەكرێت و لەو رۆژەوە تەواوبووە پرۆسەی تەحشییە بۆ ژێر بەنداوەكە بەردەوامە كە لە چەند ناوچەیەكی ژێر بەنداوەكە چاڵی لێ دروست بووە، ئەگەرچی لە ساڵانی 2008 و 2009 عێراق لەگەڵ كۆمپانیای باوەری ئەمریكی گفتوگۆییان هەبوو بۆ ئەوەی دیوارێك لە لای بەنداوەكە بە قووڵی 220 مەتر و بە درێژیی چوار كیلۆمەتر و ئەستووری 80 سانتیمەتر دروست بكرێت بۆ ئەوەی رێگری لە رووخانی بكرێت، بەڵام بەهۆی كەمی پارەوە جێبەجێ نەكراوە، لەم كاتەدا بەهۆی ئەو لافاوانەی هەیە هیچ مەترسیی لەسەر بەنداوەكە هەیە، ئەو مەترسییەشی هەیە هی ئێستا نییە، بەڵكو هی پێشتریشە".
ناوبراو هێما بۆ ئەوەش دەكات رووخانی بەنداوی مووسڵ كاریگەریی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست ناكات، چونكە بەقسەی ئەو بە هەرێمی كوردستاندا تێناپەڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: "رووخانی بەنداوەكە كاریگەریی زۆری بۆ سەر شاری موسڵ دەبێت كە لە هەندێك شوێنی ئاو بە بەرزی پێنج مەترێك بەرز دەبێتەوە و نیوە زیاتری مووسڵ ژێر ئاو دەكەوێت، سەرباری ئەوەی چەندین ناوچەی وەكو تكریت و سامەڕا و بەغداش مەترسیی ژێر ئاوكەوتنییان هەیە، بەگشتی رووخانی بەنداوەكە كارەساتی گەورەی مرۆیی و ژینگەیی لێ دەكەوێتەوە".
لەكۆتایی قسەكانیدا بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەكان و كۆگاكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت لە عێراق قەیرانێكی ئاوی گەورە بەڕێوەیە بەتایبەت لە پاش ئەوەی توركیا پرۆژەی گاپی لە كۆتایی نزیك كردووەتەوە بەدیاریكراوی بەنداوی ئەلیسۆ جەزیرە كە بە تەواوكردنی داهاتی ئاوی مووسڵ بۆ 30 تا 40 لەسەدی ئێستای دادەبەزێت وەكو چۆن تەواوكردنی بەنداوی ئەتاتورك وای كرد بەنداوی حەدیسە لە عێراق نزیكەی 40 بۆ 50 لەسەدی ئاوەكەی كەم بكاتەوە.
گەشبینی خۆشی دەربڕی لەوەی كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت بە داهاتی ئاوی نێوخۆیی پێویستی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵیش دابین بكات.