Sarmand Hameed
23 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە شاری نەجەف لەگەڵ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کۆبووەوە.
ماڵپەڕی فەرمی مەسعود بارزانی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا سەرکردەی ڕەوتی سەدر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی مەسعود بارزانی ڕاگەیاندووە و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی وەسفی کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە سەردانەکە بووەتە مایەی خۆشحاڵیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بە سەرەتایەکی گرنگ و ئاراستەیەکی نوێ و ئەرێنی بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ھەڵەکان و بونیاتنانی حکوومەتی نوێی دەزانن.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ئەوەیان دووپات کردەووەتەوە کە دەرفەتێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھاتووەتە ئاراوە و پێویستە کار لەسەر بیناکردنی متمانە و چارەسەرکردنی کێشەکان و شەراکەتی ڕاستەقینە بکرێت. جەختیشیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و قووڵترکردنەوەی متمانە و پاڵپشتیکردنی حکوومەتی تازەی عێراقی کردەوە.