Dilşad Seyfeddin Ahmet
15 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2016
سلێمانی
كۆنفرانسەكە پێش كەمێك لە هۆڵی كۆنفرانسی زانكۆی سلێمانی لە ژێر دروشمی (بەرەو ناسنامە و سەربەخۆیی كوردستان لەسەردەمی جیهانگیریدا) لەلایەن زانكۆی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی رۆشنگەری چاودێر دەستی پێكرد و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
تێیدا جگە لە جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی و وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمەهدی و بەرپرسانی حزبی و حكوومی هەرێمی كوردستان، هاوسەرۆكی پەیەدە ساڵح موسلیم و نووسەری توركیا ئیسماعیل بێشكچی و چەندین كەسایەتی تری نێودەوڵەتی بەشدارن.
سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفرانس سەڵاحەدین سەعید لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووان گوتی: "بیركردنەوەی ئێمە بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێكی لەم جۆرە بەر لە هەر شتێك، خەمێكی نەتەوەییە لە سەردەمێكدا كە خەریكە ماناكانی كوردبوون دەكەونە ژێر پرسیارەوە.
بۆیە باوەڕمان وایە گرنگترین ئەو بابەتانەی كە پێویستە كاری جدی لەسەر بكرێت و بایەخی زیاتری پێبدرێت بڵاوكردنەوەو بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و گێرانەوەی ئەرزشە بۆ ماناكانی كوردبوون و ئینتیمایەكی راستەقینە بۆ خاك و نەتەوە، بەجۆرێك بتوانێت سنوورەكانی هۆشیاری و ئینتیمای حزبی و چوارچێوەی باوەكەی كوردایەتی تێپەڕێنێت".
لەلای خۆیەوە سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە مەلا بەختیار گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "سەردەمەكانی رابردوو ناسنامە سەپێنراوەكانمان تاقیكردەوە، ئەی لەسەردەمی جیهانگیری و گۆڕانكارییەكاندا ئایا ناسنامەمان میتافیزیكی نەگۆڕە كە هەر نەتەوە باڵادەستەكان بەپشتیوانی زلهێزە خاوەن بەرژەوەندەكان ئەمجارەش ناسنامەی ئارایشتكرا و بسپێننەوە سەرمان، ئایا كاتی نەهاتووە كورد خاوەن ناسنامەی هەڵقوڵاوی كولتووری كوردستانی بێ و بیبەستێتەوە بە ستراتیجی سەربەخۆیی هاوچەرخ".
مەلا بەختیار ئاماژەی كرد بەوەی كورد لە كوردستانی عێراقدا 95 ساڵە چاوەڕوانی مافی نەتەوەیی خۆیەتی، بەڵام تائێستا بە ناسنامە و مافی خۆی نەگەیشتووەو تائێستاش چاوەڕوانی دەكات.
لەرێوڕەسمی كردنەوەی كۆنفرانسەكەدا پەیامێكی ڤیدیۆیی پرۆفیسۆر نوام چۆمسكی پێشكەش لەسەر كۆنفرانسەكە پێشكەش دەكرێت.
لە ماوەی دوو رۆژی كۆنفرانسەكەدا چەندین پانێڵ پێشكەش دەكرێن لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان، لە پانێڵی یەكەمدا هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی و مەلا بەختیار و ساڵح موسلیم و عومەر شێخموس و فالح عەبدولجەبار بەشداری دەكەن.