Abdullah Shukur
01 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2018
بەغدا - AA
سەرکۆماری عێراق، فواد مەعسوم لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، برێت مهکگورک لە شاری بەغدا کۆبووەوە و تیایدا تاوتوێی پێشھاتە سیاسییەکان لە عێراق کرا.
بەپێی ئەو راگەیاندراوەی لە ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، مەعسوم لە شاری بەغدای پایتەخت پێشوازی لە مەکگورک و شاندی یاوەری کردووە.
راشگەیاندرا کە لە کۆبوونەوەکە باسی بەھێزکردنی پەیوەندی ھەردوو لایەن و پرسە سیاسیی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە کراوە.
مەعسوم پێداگری خۆی لەسەر ئەوە نیشانداوە کە دەبێت یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان لە ٣ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت و داواکارییەکانی گەلی عێراق لە کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بە گرنگ بزاندرێت.
لەلایەکی دیکەش مەکگورک رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی رێز لە ئیرادەی گەلی عێراق دەگرێت و لە چوارچێوەی ھاوبەشی ستراتیژی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراق.
لەوەو پێش سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کە دووەمین براوەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقە و یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی، ھادی عامری رایگەیاند کە ھەر حکوومەتێک ئەگەر لە ئەنجامی دەستێوەردانی ئەمریکا پێکبھێنرێت ئەوا لە ماوەی دوو مانگدا دەیڕوخێنن.
لە پاڵ ئەمەش سەرکۆماری عێراق، فواد مەعسوم رایگەیاندبوو کە دەبێت لە ٣ی ئەیلوولی داھاتوو یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ئەنجام بدرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، مهکگورک لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بە چڕی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
لە ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراق ھیچ پارتێک بە تەنھا ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی بۆ پێکھێنانی حکوومەت بەدەست نەھێنابوو.