Sarmand Hameed
02 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2018
رۆما - AA
سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی فەرمی کە دوو رۆژ دەخایەنێت، گەیشتە رۆما پایتەختی ئیتالیا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەڵەستین بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە عەباس لە میانی سەردانەکەیدا بۆ رۆما لەگەڵ سەرۆکی ئیتالیا، سێرجیۆ ماتاریلا و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، جۆزبێی کۆنتی کۆببێتەوە.
ئاژانسە ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیتالیا، مەحمود عەباس لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی فەڵەستین بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئەو سەرکردانە، تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکان لە ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات.
هەریەک لە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، ریاز مالکی و دادوەری دادگای فەڵەستین، مەحمود هەباش و راوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین بۆ کاروباری دەرەوە، نەبیل شەعس و راوێژکاری سەرۆکی فەڵەستین بۆ کاروباری دیپلۆماتی، مەجدی خالیدی یاوەری مەحمود عەباس دەکەن لە سەردانەکەی بۆ ئیتالیا.