Abdullah Shukur,Mazın Asad
30 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە سەردانی شازادەی سعوودیە و جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆیی ئەو وڵاتە محەمەد بن نائئیف بە شاندێکی فراوان بۆ تورکیا پەیامێکی گرنگە بۆ داھاتووی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرێوڕەسمێک پێشوازی لە شازادەی سعوودیە محەمەد بن نایف لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا ئەردۆغان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە محەمەد بن نائیف ھەمیشە رۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعوودیە.
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "بەھێزکردنی ھەماھەنگی نێوان ھەردوو وڵات، دەبێتە دەرفەتێکی باش لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە و جیھان. سەردانی شازادەی سعوودیە محەمەد بن نائیف بە شاندێکی فراوان بۆ تورکیا پەیامێکی گرنگە بۆ داھاتووی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات. سوپاستان دەکەم بەھۆی پاڵپشتی تورکیا لە دوای شکستی ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز".
لە لای خۆیەوە شازادەی سعوودیە محەمەد بن نائیف گوتی: "سەرەتا بەھۆی کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێزتان و مێوانداریکردن و بایەختان، ستایشتان دەکەم".
محەمەد بن نائیف ئاماژەی بەوە دا کە سەردانەکەی لەسەر داواکاری شای سعوودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز بووە و راشیگەیاند لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتی برا سەردانی تورکیای کردووە.
شازادەی سعوودیە روونیشی کردەوە کە شای سعوودیە بە مەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لە رووی ئاسایش، سیاسی، کولتووری و بوارەکانی دیکەدا بە بایەخەوە لە سەردانەکە دەڕوانێت و بەھۆی پێدانی مەدالیای نیشتمانی تورکیا ستایشی خۆی ئاراستەی ئەردۆغان کرد و گوتیشی: "بێگومان ئەمە رەنگدانەوەی ئیدارەی ھاوبەشی سەرکردایەتی ئێوە و سەرکردایەتی حەرەمون شەریفەین و پەیوەندی بەھێزی نێوان ھەردوو وڵاتە. یەکێک لەو خاڵانەی دڵشادمان دەکات ئەوەیە کە ھەردوو وڵات لەسەر گشت پرسەکانی ناوچەکە و بابەتەکانی دیکە بە ھەمان شێوەی بیردەکەنەوە و لەسەر ھەمان رێڕەون".
محەمەد بن نائیف لە درێژەدا گوتیشی: "ئێمە دووبارە بە ناوی سعوودیەوە خۆشحاڵێن بە سەرکەوتنی تورکیا لە ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە و بەھۆیەوە سوپاسی خوا دەکەین. دیسان وڵاتەکەمان گرنگییەکی یەکجار زۆر بە ئاسایش و سەقامگیری تورکیا دەدات".
لەکاتی پێشکەشکردنی مەدالیای نیشتمانی تورکیا ھەریەک لە سەرۆک پەرلەمانی تورکیا ئیسماعیل قارەمان، سەرۆکوەزیران بیناڵی یڵدرم، سەرۆک ئەرکانی سوپا خولوسی ئاکار، سەرۆکی دادگای دەستووری زوھتو ئارسڵان، جێگرانی سەرۆکوەزیران نومان کورتوڵموش و ڤەیسی کایناک، وەزیری دەرەوە مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری ئابووری نیھاد زەیبەکچی، وەزیری ناوخۆ سولەیمان سۆیڵو و وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری نابی ئاڤجی و وەزیری دارایی ناجی ئاغباڵ ئامادە بوو.
دوای رێوڕەسمەکە، ئەردۆغان ئێوارە خوانێکی بۆ محەمەد بن نائیف رێکخست.