Sarmand Hameed
13 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2018
ئیستانبوڵ - AA
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران داوای لە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی کرد کە داوای لێبوردن لە گەل بکات بەهۆی رەچاونەکردنی ئەو هێڵە سوورانەی کە لە لایەن رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی دانراون.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران، ئەحمەد جەننەتی کە لە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنەکە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە "رێبەری ئێران، عەلی خامنەیی دژی دانوستانە لەبارەی پرسی ئەتۆمی".
ئەحمەد جەننەتی روونی کردووەتەوە کە "هیچ گەرەنتیەکی پێویست لە کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک لەبارەی رێککەوتنەکە وەرنەگیراوە".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە خامنی چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ ئۆمێدێکی بە دانوستان نییە و تیایدا هاتووە "رەچاوی ئەو هێڵە سوورانەی رێبەری ئێران لەبارەی ئەو رێککەوتنە نەکراوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران، ئەحمەد جەننەتی رایگەیاندووە کە "روحانی بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەو زیانانەی ئاشکرا نەکردووە کە بەهۆی رێککەوتنەکەوە کەوتونەتەوە و دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکات".
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران کاری دیاریکردنی رێبەری ئێران و چاودێریکردنییەتی و لە ٨٨ کەس پێکهاتووە.
جێی ئاماژەیە هەفتەی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک راگەیاند.