Arbil
هه‌ولێر- AA
له هه‌رێمی كوردستان پتر له 40 حزب هه‌یە، هیچ بوودجهیهكیش بۆ حزبه‌كان له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه نادرێت، ئه‌مساڵ بۆ به‌شێكیان كه به‌حزبی گه‌وره ده‌ناسرێن ساڵی كۆنگره‌یه.
پارتی دیموكراتی كوردستان، هێزی ژماره یه‌ك له كوردستان "خاوه‌ن 45 كورسی لە په‌رله‌مان" له په‌یڕه‌وی ناوخۆییدا هاتووه کە هه‌ر چوار ساڵ جارێك كۆنگره بكات، به‌ڵام دوایین كۆنگره‌ی له ساڵی 2010 به‌ستووه، هاوته‌ریب هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانه له‌مێژینه‌كه‌ی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه "خاوه‌ن 21 كورسی لە په‌رله‌مان"، دوایین كۆنگره‌ی له 2010 ئه‌نجامداوه، به‌و پێیه زۆرترین دواكهوتنییان له كۆنگره‌دا تۆماركردووه.
2019 بۆ به‌شێكی زۆر به‌تایبه‌ت حزبه گه‌وره‌كان یان باشتر بڵێن پێنج ئه‌ستێره‌كه "پارتی، یه‌كێتی، گۆڕان، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ"، ساڵی به‌ستنی كۆنگره ده‌بێت.
پارتی: بڕیارمان له‌سه‌ر كاتی به‌ستنی كۆنگره نه‌داوه
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌كره‌م ساڵح له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له كۆنگره‌ی 14یه‌می حزبه‌كه‌ی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت "هێشتا له‌نێو پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كاتێك بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی داهاتوومان دیاری نه‌كراوه"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نایشارێته‌وه كه له كۆبوونه‌وه باڵاكانی حزبه‌كه‌یدا و له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تیش پرسی به‌ستنی كۆنگره تاوتوێ كراوه، به‌ڵام بڕیاری كۆتایی هێشتا كاتی دیكه‌ی پێویسته.
ئه‌كره‌م ساڵح ده‌ڵێت کە كۆنگره‌ی داهاتووی حزبه‌كه‌یان گۆڕانكاریی له چه‌ندین شت‌دا ده‌كات و پارته‌كه‌یان ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌یی و هه‌رێمی و ناوخۆیش پتر پچێته پێش و بگونجێت، ئه‌و ده‌شلێت "گۆڕانكاریی له ستراتیجییەت و په‌یڕه‌و و كه‌س و سه‌ركرده‌كانیش ده‌كرێت، به‌شێك له گه‌نجانیش دێنه پێشه‌وه"، به‌ڵام سه‌باره‌ت به سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی كه هاوكات ساڵانێك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش بوو ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ده‌ڵێت "كاك مه‌سعود هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، چونكه كاك مه‌سعود پێویستییه".
پارتی دیموكراتی كوردستان له 16ی ئابی 1946 دامه‌زراوه، به پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی نیشتمانی خۆی ده‌ناسێنێت، مه‌لا مسته‌فا بارزانی دامه‌زرێنه‌ری حزبه‌كه‌یه و ئێستا كوڕه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی له ساڵی 1979ه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، دوایین كۆنگره‌ی له هه‌ولێر له 11 بۆ 18ی كۆتا مانگی 2010 به‌ستووه، ره‌نگی زه‌رد ئاڵای پارتییه و له‌نێویدا لۆگۆیه‌كی ته‌خته سوور هه‌یه كه پیته‌كانی PDKی له‌سه‌ر نه‌خشێنراوه و پیتی یه‌كه‌مه‌كانی سێ وشه‌ی ناوی حزبه‌كه‌یه، تا ئێستا 13 كۆنگره‌ی به‌ستووه.
یه‌كێتی: ئه‌نجوومه‌نێكی 121 كه‌سی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كه‌ن
جێگری سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه به "په‌رله‌مانی یه‌كێتی" ده‌ناسرێت، زوبێر عوسمان له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند "نۆ ساڵ به‌سه‌ر به‌ستنی دوایین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، یه‌كێتی بڕیاری داوه كۆنگره‌ی چواره‌می خۆی له ئه‌مساڵدا ببه‌ستێت، له‌و ماوه‌یه‌دا گۆڕانكاریی زۆر هاتوونه‌ته ئاراوه، ئیدی كاتی هاتووه یه‌كێتی په‌یكه‌ری رێكخراوه‌یی و خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا بڕوات، یه‌كێتی پێشتر حزبێك بوو له‌سه‌ر بنه‌مای حزبه لینییه سوسیالیستییه‌كان كاری ده‌كرد، ئێستا ئه‌و فۆرمه وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی سه‌رده‌م ناداته‌وه و ده‌بێت گۆڕانكاریی له پرۆگرام بكرێت به شێوه‌یه‌ك بگونجێت له‌گه‌ڵ ئێستادا به‌تایبه‌ت یه‌كێتی حزبێكی سوسیال دیموكراته".
سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكارییانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كۆنگره‌ی یه‌كێتی بیانهێنێته ئاراوه، به‌رپرسه باڵاكه‌ی یه‌كێتی ده‌ڵێت "كۆنگره ده‌بێت یه‌كێتی له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و به‌پێی بڕیار و په‌یڕه‌وی ناوخۆ له‌ناو كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌ك هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت ئه‌ویش بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نێكی 121 كه‌سی ده‌بێت له هه‌فته‌ی یه‌كه‌میشدا له دوای كۆنگره سكرتێر بۆ ئه‌نجوومه‌نه‌كه و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێن".
عوسمان ئاشكراشیكرد كه چیدی له حزبه‌كه‌یدا پۆسته‌كانی سكرتێری گشتی و یاریده‌ده‌ره‌كانی له‌پاڵ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، مه‌كته‌بی سیاسی هیچییان نامێنن و ئه‌و ئهنجوومهنهشی به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی گشتییه‌وه ده‌بێت له 121 كه‌س پێكدێت سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، مه‌رجیشه له‌و ژماره‌یه بهلانیكهمهوه 25 له‌سه‌دیان ئافره‌ت ببن، ئیدی ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌نه‌وه‌ی كۆن و نوێ گه‌نجان و سه‌ركردایه‌تییه‌كانی ئێستا هه‌موو چین و توێژێك له‌خۆ ده‌گرێت.
له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی نیشتمانیشه‌وه زوبێر عوسمان رایگه‌یاند "ئه‌نجوومه‌نێكی سێ كه‌سی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌بن و سیسته‌مه‌كه نه هاوسه‌رۆكی ده‌بێت و نه له شێوه‌ی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی، به‌ڵكو ئه‌و سێ كه‌سه كاره‌كانی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ده‌بن و یه‌كێكیان تایبه‌ت ده‌بێت به كاروباری سیاسی، یه‌كێكیان كاروباری رێكخستن و ئه‌وی دیكه‌شیان كاروباری مه‌كته‌به‌كان و كۆمیسیۆنه‌كانی چاودێری".
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه له‌و 121 كه‌سه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌بن 54یان ده‌سته‌ی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردن ده‌بن، 67 ئهندامیشییان به‌سه‌ر كۆمیسیۆنه چاودێرییه‌كان دابه‌ش ده‌كرێن و جێی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند ده‌گرنه‌وه.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه یه‌كه‌م پارته کە له پارتی دایك "پارتی دیموكراتی كوردستان" جیابووه‌ته‌وه و له ساڵی 1975 له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند كه‌سێك دامه‌زراوه له‌نێویاندا جه‌لال تاڵه‌بانی، خۆی به‌حزبێكی سوسیال دیموكراتی نه‌ته‌وه‌یی پێناسه ده‌كات، سێ كۆنگره‌ی به‌ستووه و له رێگه‌یه به‌ره‌و چواره‌م له ساڵی 1975ه‌وه تاوه‌كو كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی له ساڵی 2017 سه‌رۆكایه‌تی كردووه.
گۆڕان: له كۆنفڕانسی نیشتمانی هیچ هه‌ڵبژاردنێك ناكرێت
ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هێمن شێخانی رایگەیاند کە بزووتنه‌وه‌كه‌یان له سێ كۆبوونه‌وه‌ی دوایی خۆیدا به‌لای پرسی كۆنگره‌دا چووه و باسی له ئه‌نجامدانی كۆنگره كه له ده‌ستوور "په‌یڕه‌وی ناوخۆ"ی بزووتنه‌وه‌كه‌دا به "كۆنفڕانسی نیشتمانی"ناو ده‌برێت كراوه.
شێخانی له لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ده‌ڵێت کە به‌پێی ده‌ستووری بزووتنه‌وه‌كه‌یان هیچ لێژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره "كۆنفڕانسی نیشتمانی" دروست ناكرێت، به‌ڵكو چوار ژوور كه ئه‌وانیش بریتیین له "سیاسی، په‌یجووری، هه‌ڵبژاردن و كارگێڕی" بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئاماده‌كارییه‌كان سه‌رپشك و به‌ر ئه‌و ئه‌ركه خراون.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌شڵێت "بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له 2019دا كۆنفڕانسی نیشتمانی خۆی ده‌به‌ستێت و ئامانج لێی بۆ دیاریكردنی ستراتیجییه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، چونكه له‌گه‌ڵ بوونی پڕنسیپی گشتی قۆناغی ئۆپۆزسیۆنبوونی بزووتنه‌وه‌كه و قۆناغی چوونه نێو ده‌سه‌ڵاتییه‌وه جیاوازیی هه‌یه به‌تایبه‌ت له شێوازی كاركردن و ئه‌ركه‌كان".
راشیگه‌یاند "هه‌روه‌ها كۆنفڕانسی نیشتمانی بۆ ئه‌وه‌یه ده‌ستووری بزووتنه‌وه‌كه هه‌مواربكرێته‌وه، ستراتیجییەتی چوار ساڵی داهاتوو دیاری بكات".
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی گۆڕان باس له‌وه‌ش ده‌كات كه له كۆنفڕانسی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌كه‌یان پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م حزبه‌كانی دیكه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم هیچ هه‌ڵبژاردنێك ئه‌نجام نادرێت، سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوخۆیی بزووتنه‌وه‌كه‌ش شێخانی روونی ده‌كاته‌وه "ئێمه له 14ی ئه‌یلوولی داهاتوو هه‌ڵبژاردن بۆ خانه‌ی راپه‌ڕاندن و رێكخه‌ری گشتی ده‌كەین، واته ئه‌م دوو ئۆرگانه پێش ئه‌نجامدانی كۆنفڕانسی نیشتمانی هه‌ڵده‌بژێردرێن و ده‌رگای خۆ پاڵاوتنییان بۆ ده‌كرێته‌وه پێشتر".
شێخانی گوتیشی: "گۆڕان به‌نیازه ئه‌و نیگهرانانهی لێی چوونه‌ته ده‌ره‌وه بانگهێشت بكاته‌وه بۆ كۆنگره و نێو گۆڕان".
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له 25ی ته‌مووزی 2013 دامه‌زراوه و له رووی ناو و په‌یكه‌ربه‌ندیی سه‌ركردایه‌تی و حزبییه‌وه جیاوازیی له حزبه‌كانی دیكه هه‌یه، تا مردنی له 2017 له لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه رابه‌رایه‌تی ده‌كرا، به یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی حزبی ئۆپۆزسیۆنی جه‌ماوه‌ری له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت و له یه‌كه‌م به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2013 توانی 24 كورسی به‌ده‌ست بهێنێت له كۆی 111 كورسی، به‌ڵام كه‌مبوونه‌وه‌ی كورسی و ده‌نگه‌كانی بۆ 12 كورسی له هه‌ڵبژاردنی ئه‌یلولی 2018 ئه‌م حزبه‌ی تاساند.
یه‌كگرتوو: زۆرینه‌ی حزبه‌كانی كوردستان له كۆنگره ده‌ترسن
ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، ئه‌بو به‌كر هه‌ڵه‌دنی له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كه 25 ساڵ ده‌بێت ئه‌م حزبه راگه‌یه‌نراوه به‌وه ناسراوه كه له‌كاتی خۆیدا كۆنگره ده‌به‌ستێت، تاوه‌كو ئێستا له‌و ماوه‌یه‌دا حه‌وت كۆنگره‌مان به‌ستووه، ئێستا كه له به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كگرتوو نزیك ده‌بینه‌وه نه‌وه‌ك له واده‌ی خۆییدا دواكه‌وتووه، به‌ڵكو كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو بگره شه‌ش مانگ پێش واده‌ی یاسایی خۆی ده‌به‌سترێت و پێشخراوه، ئه‌م كۆنگره‌یه بڕیاره له كۆتایی ساڵی 2019 بیبه‌ستین و ئێمه ئیستحیقاقی به‌ستنی كۆنگره‌مان هه‌یه".
هه‌ڵه‌دنی ده‌شڵێت "ئومێده‌وارین كه كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له ئاستی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه بێت كه رووبه‌ڕووی ناوچه‌كه بووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو ته‌حه‌مولی ئه‌و شكست و كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد، بۆیه له رووی ستراتیجییەت و نوێبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی و پڕۆگرام و ئۆرگانه‌كان چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین كه كۆنگره‌ی هه‌شته‌می یه‌كگرتوو كۆنگره‌ی نوێبوونه‌وه بێت".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی گوت كه كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌وه‌ی پێش خۆی جیاواز ده‌بێت، ئه‌مه‌ش گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به قسه‌ی ئه‌و "بارودۆخ و زروفه‌كه و كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دیاتی سیاسی و حوكمڕانی هاتووه‌ته ئاراوه، به نیسبه‌ت خودی یه‌كگرتووشه‌وه پرسه‌كانی ده‌عوه و سیاسه‌ت، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی، پێگه‌ی وه‌كو هێزێكی ئۆپۆزسیۆن، وه‌كو هێزێكی ئیسلامی هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ن له پاڵ پشتیوانیكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی له ریفراندۆم ئه‌مانه ئه‌و ستراتیجییەتانهن كه یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌م كۆنگره ده‌بێت جه‌ختیان له‌سه‌ر بكاته‌وه و به‌رنامه دابنێت بۆ به‌ره‌و پێشچوون و شكست و كه‌موكوڕییه‌كانیشی تهغتییه بكات".
ئه‌بو به‌كر هه‌ڵه‌دنی سه‌باره‌ت به ترسانی حزبه‌كانی كوردستان له به‌ستنی كۆنگره‌كانیان و دواخستنی گوتی: "به‌داخه‌وه حزبه‌كانی كوردستان له به‌ستنی كۆنگره‌كانیان ده‌ترسن، ترسان له كۆنگره ناته‌بایی نێو هێزه سیاسیه‌كان ده‌رده‌خات، به‌ڵام هه‌ر حزبێك حزبێكی دامه‌زراوه‌یی ببێت و متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بێت كۆنگره له واده‌ی خۆی ده‌به‌ستێت، به‌ڵام ئه‌و حزبانه‌ی له له‌ت بوون ده‌ترسن یان حزبه‌كانیان حزبی دامه‌زراوه‌یی نیین لە كۆنگره ده‌ترسن، ئه‌مانه‌ش زۆرینه‌ن له‌نێو حزبه‌كاندا و كه‌من ئه‌و حزبانه‌ی پابه‌ندن به په‌یڕه‌و و پرۆگرامی خۆیان و له‌واده‌ی خۆیان كۆنگره ده‌به‌ستن".
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، حزبێكی ئیسڵاحیی میانڕه‌وه و خۆی به پارتێكی نیشتمانی كوردستانی ناوده‌بات، باوه‌ڕی به گۆڕانكاریی چه‌كداریی نییه و به‌درێژكراوه‌ی ئیخوان موسلمین داده‌نرێت و له ساڵی 1994 خۆی راگه‌یاندووه و له لایه‌ن سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌ددین-ه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت كه له لای ئه‌مان پۆسته‌كه "ئه‌میندار"ه، چه‌ند جارێك به‌شداریی حوكمڕانیی له هه‌رێمی كوردستان كردووه و جاری دیكه‌ش ئۆپۆزسیۆن بووه، ئێستا خاوه‌نی پێنج كورسییه له كۆی 111 كورسی په‌رله‌مانی كوردستان و دابه‌زینی زۆری ده‌نگ و كورسییه‌كانی كه بۆ نیوه داكشا ناڕه‌زایی زۆری له‌نێو ئه‌م پارته دروستكرد، دوایین كۆنگره‌ی له ساڵی 2016 به‌ستووه، جگه له‌یه‌ك جار له گۆڕین ئه‌مینداره‌كه‌ی "سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌ددین" له كۆنگره‌كاندا ده‌بێته‌وه ئه‌میندار.
كۆمه‌ڵی ئیسلامی: عه‌لی باپیر له هه‌موو كۆنگره‌كاندا داوایكردووه كه‌سێكی دیكه جێی بگرێته‌وه
ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی، بەدرییە ئیسماعیل سه‌باره‌ت به كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی كه خاوه‌نی حەوت كورسییه له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت "ئێمه وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌پێی په‌یڕه‌و كارده‌كه‌ین و له په‌یڕه‌وی ناوخۆدا هاتووه حزب هه‌ر چوار ساڵ جارێك كۆنگره‌ی خۆی ده‌به‌ستێت، بۆیه بڕیارمانداوه وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆنگره‌ی چواره‌می له ئه‌مساڵدا ببه‌ستێت و كۆنگره‌یه‌كی نه‌وعی بێت، ئێمه چه‌ند مانگێكی كه‌ممان به‌سه‌ر واده‌ی ئه‌نجامدانی كۆنگره تێپه‌ڕاندووه".
بەدرییە ئیسماعیل هه‌روه‌ها گوتیشی: "كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆنگره‌یه‌كی نه‌وعی ده‌بێت، گۆڕانكاریی زۆر و سه‌رتاسه‌ری هه‌بێت، چه‌ند لێژنه‌یه‌ك بۆ سازكردنی كۆنگره پێكهێنراوه و ئه‌و لێژنانه‌ش سێ دانه‌ن كه ئه‌وانیش لێژنه‌كانی ستراتیجییەت، لێژنه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و لێژنه‌ی زه‌مینه‌سازی كه هه‌ریه‌كیان كار و ئه‌ركێكی جیاواز و دیاریكراوی هه‌یه".
ئەو ئه‌وه‌شی گوت "لێژنه‌ی زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له كۆمه‌ڵی ئیسلامی ناڕازی بوون یان نیگه‌رانن به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت ئه‌وا هه‌وڵ ده‌دات قه‌ناعه‌تییان پێ بكات و به‌به‌رنامه رێژه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه و به‌شداریی كۆنگره بكه‌ن".
ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی، بەدرییە ئیسماعیل سه‌باره‌ت به كاندیدبوونه‌وه‌ی عه‌لی باپیر وه‌كو ئه‌میر "سه‌رۆكی حزب" گوتی: "مامۆستا عه‌لی باپیر چه‌ندین جار له كۆنگره‌كانی پێشتر داوای كردووه كه ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شان لابده‌ن و كه‌سێكی دیكه بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌ی ئه‌و بسپێردرێت، ئه‌و گوتویه‌تی كه وه‌كو سه‌ربازێك ده‌مێنێته‌وه له خزمه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، به‌ڵام مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌ركرده‌یه و به‌لایه‌وه سروشتییه كه كه‌سێكی دیكه خۆی كاندید بكات و به‌دیلی هه‌بێت، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا وه‌كو كۆمه‌ڵی ئیسلامی مامۆستا عه‌لی باپیر به شیاو ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی بە ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی بمێنێته‌وه، به‌ڵام ناونیشانی پۆسته‌كه‌ی ده‌گۆڕێت".
كۆمه‌ڵی ئیسلامی حزبێكی ئیسلامییە و له ساڵی 2001 دامه‌زراوه دوای جیابوونه‌وه‌ی له بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی "پارتی دایك بۆ ئیسلامییه‌كان" له دامه‌زراندییه‌وه عه‌لی باپیر ئه‌میرایه‌تی ده‌كات.
وه‌كو هه‌موو حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئومێدی زۆر له‌سه‌ر گۆڕانكاری له كۆنگره‌ی حزبه‌كاندا هه‌ڵناچنرێت، به‌ڵام گۆڕانكارییه خێراكان، ده‌ركه‌وتنی نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسی، بارودۆخی هه‌رێمایه‌تی له پاڵ چه‌ند هۆكارێكی دیكه وایكردووه حزبه‌كانی كوردستان 2019 بكه‌ن به ساڵی به‌ستنی كۆنگره و هه‌میشه گوێی لایه‌نگر و هه‌وادارانییان بۆ دروشمی "گۆڕانكاریی" ناچار به هه‌ڵخستن ده‌كه‌ن، زۆرێكیشیان به ئومێده‌وه باس له‌و "گۆڕانكاریی"یه ده‌كه‌ن. بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن