Heman Hussein Yaseen Yaseen
26 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2019
هەولێر - AA
بە بەشداری سەد کۆمپانیا لە پێنج وڵات، پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و کارەبا و وزە لە هەولێر کرایەوە.
لە رێورەسمەکەدا، هەریەک لە سەرۆکی سندوقی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کردەوە تیرۆریستییەکان، مستەفا هیتی و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی و کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەولێر،هاکان کاراچای ئامادەبوون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکی سندوقی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کردەوە تیرۆریستییەکان، مستەفا هیتی گوتی: "ئاوەدانکردنەوەیەکی باش لە عێراق دەستیپێکردووە ئەنجامەکانی کۆنگرەی کوێت بووە هۆی تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی زۆر کە دەگاتە ٣٠ ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە پارەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە لانیکەم لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک چەندین پڕۆژە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ – ٢٠١٩ ئەنجامدراوە، نزیکەی ١٧٠ ملیار دینار لە بوودجەی عێراق بۆ ئەو دوو پارێزگایە تەرخانکراوە، بۆ نەینەوا ١٤٥ ملیۆن دۆلارە وەکو قۆناغی یەکەم، هەروەها ١٤٥ ملیۆن دۆلاری دیکەش ئامادەیە بۆ پارێزگای نەینەوا پارەکە ئامادەیە و هیچ دواکەوتنێک لە پێدانی پارەکەدا نییە".
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر گرنگی پێشانگاکە و گوتی: "ئەم پێشانگایە تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و ئەو شوێنانەی کە لەژێر دەستی داعش رزگارکراون، بێگومان پڕۆژەیەکی ئێجگار زۆر لە ناوچە ئازادکراوەکان هەیە، دەرفەتێکی باشە بۆ بازرگانان بۆ ئەوەی توانای خۆیان بخەنەگەڕ و بەشداربن لەو پڕۆژانەی لە مووسڵ و کەرکووک هەیە، ئیستا پڕۆژەکان پارەکانیان کاش دەدرێت و ئێمەش داوا دەکەین کە بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بە هێزەوە بچنە ناو پڕۆسەکە و بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان".
بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، سۆران قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە یازدەهمین پێشانگایە ئەمساڵ دەکرێتەوە و گرنگییەکی زۆری هەیە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتان، لەم پێشانگایەدا سەد کۆمپانیا لە پێنج وڵاتی جیاوازەوە کە بریتین لە وڵاتانی، تورکیا، ئازەربایجان، کوێت، ئێران و عێراق و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن".
ناوبراو گوتیشی: "سەدا ٤٨ی کۆمپانیا بەشداربووەکان، کۆمپانیاکانی تورکیان کە بە قەبارەیەکی گەورەوە بەشدارن و ئەم پێشانگایەش ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت کە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ تا حەوتی ئێوارە کراوە دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بکەن".
