Heman Hussein Yaseen
13 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2023
هەولێر - AA
ماوەی ساڵێکە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا سیستەمێکی نوێی بەسەر عێراقدا سەپاندووە کە نابێت لە دەرەوەی ئەم سیستەمە مامەڵە بە دۆلارەوە بکات و ئەمەش بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندووە و رۆژانە نرخی دراوەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
پەرلەمانتارێکی عێڕاقی ئاشکرای دەکات کە ئەمریکا ڕێگا نادات دۆلاری پێویست بچێتە بازاڕەوە و لە ئەنجامدا بەهای دینار دادەبەزێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە عێراق لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ماوەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ناسەقامگیریی ئابووریی لە ناوچەکە، هاوکات ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ئەوەیە کە سیستەمی دراوی کاغەز لە عێراق بکرێت بە سیستەمی ئەلیکترۆنی.

ئەندامی فڕاکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی عێراق، موسەننا ئەمین لەبارەی هۆکاری ناسەقامگیریی ئابووری لە عێراق گوتی: "ھۆکارەکەی ئەوەیە کە سیستەمێکی نوێ لە ئەمریکا بەناوی پلاتفۆڕم فەرز کرا لەسەر عێراق کە نابێت مامەڵە بە دۆلارەوە بکات لە دەرەوەی ئەم سیستەمە، تا ئەم سیستەمە ڕێکخرا، بڕێکی زۆر دۆلار لە بازاڕدا نەما، ھەندێک بانک کە تۆمەتیان لەسەر بوو کە ئەمانە لەبەرژەوەندی ھەندێک دەوڵەت دۆلار دەگوازنەوە بە نایاسایی، ئەوا سزادران و مامەڵەکردن بە دۆلاریان لێ ڕاگیرا، لەم حاڵەتەدا دۆلار لە بازاڕ کەم دەبێتەوە، بۆیەھاوکێشەی خواست و خستنەڕوو ھەیە، بەو ھاوکێشەیە بەھای دینار دابەزێت، تا ئێستاش عێراق نەیتوانیووە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیستەمی ئەم پلاتفۆڕمەی کە ئەمریکا کردوویەتییە مەرج".
موسەننا ئەمین گوتیشی: "عێراق لە نێوان ئەمریکا و ئێراندایە، بازاڕ پێویستی بە دۆلارە، ئەمریکا ڕێگا نادات دۆلاری پێویست بچێتە بازاڕ و لە ئەنجامدا بەھای دۆلار بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەمە درێژە ناخایەنێت و ڕەنگە دوو مانگی دیکە کێشەکە چارەسەر بێت".
سەرەتای ئەم هەفتەیە گۆڕانکارییەکی لەناکاو لە بەهای دۆلار ڕوویدا، ئەویش بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە ١٥٦ هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەوە بۆ ١٦٢ هەزار دینار و ئەمەش بازرگانانی تووشی دڵەڕاوکێ کرد و هۆکارەکەی نەزانرا.
لەبارەی ئەم گۆڕانکارییەوە، پەرلەمانتاری عێراق موسەننا ئەمین گوتی: "گۆڕانکاری ئەمجارە، هۆکارەکەی نا تێگەیشتنێک بوو لە نێوان بانکی ناوەندی عێراقی و بانکی فیدڕالی ئەمریکا و بووە ھۆی ئەوەی کە ئەم قەیرانەی ئەمجارە دروست بێت".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق تیشکی خستەسەر کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گوتی: "کێشەکە لەو ڕۆژەوە دروست بوو کە ھەرێمی کوردستان لە بری ئەوەی داوای دەیان ملیۆن دۆلار قەرەبوو بکات بۆ ئەو وێرانکارییەی لە ھەرێم ھەبووە، ھاتە سەر ئەوەی داوای لە سەدا ١٧ ی بوودجەی عێراق بکات، ئەمەش لەسەردەمی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی بۆیان کردین بە لە سەدا ١٢،٦٧ ئەم ڕێژەیەش گوتیان لە ھەموو بوودجە نایدەین، لە ئینفاقی فیعلی دەدەین، لەویشەوە ھاتە سەر ئەوەی کە وەکو قەرز پێمانی بدەن، ئەمە شکستەکەی حکوومەتی ھەرێمە کە توانیوویەتی لەگەڵ عێراق بیگەیەنێتە ئەم قۆناغە".
موسەننا ئەمین گوتیشی: "ئێمە کۆمەڵێک ئەرکمان ھەیە دەبێت حکوومەتی عێراق تەحەمولی بکات وەک بابەتی مووچەخۆران و خانەنشینان و ئەمە دوای پاککردنەوەی لیستەکان، ئەمانە ھەموو دەبێت بە یەک پاکێچ جیا بکرێتەوە لە بابەتی ململانێی داھات و بوودجە و خەرجییەکان، ئەوکاتە دەتوانین ببین بە خاوەن بوودجەیەک کە بزانین چۆن گەرەنتی مافەکانی ئێمە دەکات".
هاوکات ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشک دەخاتەسەر هۆکارەکانی گۆڕانکاری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و رایدەگەیەنێت کە لە هەوڵی ئەوەدان لە کاتێکی نزیکدا هەموو مامەڵەیەکی بە دۆلار بکەن بە سیستەمێکی ئەلیکتڕۆنی.

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد نەجاڕ لەبارەی ھۆکاری ناسەقامگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی باسی لەوەکرد کە بەھۆی ئەوەی ئێستا عێراق ھەنگاوی گۆڕینی لە سیستەمی دراوی کاغەز بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی و مامەڵەکردنی ئەلیکترۆنی بە دۆلار ناوە، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار ئەمریکی ناسەقامگیرە و گوتی: "لەگەڵ ئەوەیشدا دۆلارێکی زۆر لە عێراق لە بەردەستدایە، ھەمووان دەتوانن دۆلار بکڕن یان حەواڵەی بکەن، بەڵام پێویستە بە سیستەمی ئەلیكترۆنی پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت".
ناوبراو ئاشکراشی کرد، ئێستا کێشەی سەرەکی ئەوەیە، خەڵک دۆلاری بە کاش دەوێت و دواتر بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوە، ئەوەیش وا دەکات بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار ناسەقامگیر بێت و گوتی: "ھەوڵدەدەین لە نزیکترین کاتدا ھەموو مامەڵەیەک بە دۆلار بکەین بە ئەلیکترۆنی، ئەوکاتە لە ماوەیەکی کەمدا، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بە جیاوازیەکی کەم جێگیر دەبێت".
محەمەد نەجار ئەوەیشی خستەڕوو کە ھێچ کێشەیەک لەنێوان بانکی فیدڕالیی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراقدا نییە و گوتی: "بانکی فیدڕالیی خاوەن دۆلارە و خۆی ڕێنمایی دەدات لەبارەی چۆنێتی بەکارھێنانی دۆلار و ئەوەیش مافی خۆیەتی و پێویستە ئێمەیش پێوەی پابەندبین و جێبەجێی بکەین".
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێڕاق ڕاشیگەیاند: "بانکی فیدڕالیی ئەمریکا، ئامانجی ئەوەیە کە سیستەمی دراوی کاغەز لە عێراق بکرێت بە سیستەمی ئەلیکترۆنی".
جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردنی بە دۆلار لە چوار بانکی عێڕاق بە پاساوی "وردبینی" راگرت و دواتریش لە ١٩ی تەمووزی ئەمساڵ جارێکی دیکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە ١٤ بانکی عێراقیدا قەدەغە کرد و تۆمەتباریکردن بەوەی کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە، دوای ئەوەش بەردەوام بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە گۆڕانکارییدایە.