Heman Hussein Yaseen
16 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2023
هەولێر - AA هێمن حوسێن
جاران لادێنشینەکان هیچ کەرەستەیەکیان نەبوو بۆ هێنانەوەی بەرووبوومەکانییان، بۆیە هەوڵیانداوە کەرەستە و پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن، هەر بۆیەش پەنایان بۆ کاری دەستی بردووە بەتایبەت لە دروستکردنی سەبەتە، تەلیس یان زەمبیلە و کەندووی نان، بۆ ئەمەش سوودیان لە سروشت وەرگرتووە چونکە گونجاوترین شت بۆ ئەم کارە، سوود وەرگرتن بووە لە داری بی، چونکە لقەکانی دارەکە بە ئاسانی دەچەمێتەوە و دەتوانن ئەو پێداویستییانەی لێ دروست بکەن کە خواستیان لەسەرە.
مام ساڵح عەبدوڵڵا حەمەدئەمین، هاووڵاتییەکی خەڵكی گوندی توتمەی سەر بە ناحیەی بالیسانە لە قەزای شەقڵاوەی پارێزگای هەولێر، نیو سەدەیە خەریکی دروستکردنی کەندووی نان، سەبەتە، تریان و زەمبیلەیە و ئێستاش بەهۆی باری تەندروستییەوە کەمتر دەپڕژێتە سەر کارەکان و کەمتر دروستیان دەکات.
مام ساڵح عەبدوڵڵا توتمەیی، تەمەن ٧٠ ساڵە و ماوەی نیو سەدەیە خەریکی کاری دەستییە لە دروستکردنی بابەتەکانی وەک کەندووی نان، سەبەتە، زەمبیلە، قەرتاڵە و ئەو کەرستە و پێداویستییانەی کە بۆ ڕۆژانە بەکاردێت.
ئەو ئێستا بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر تەندروستیی، کەمتر خۆی بە کاری دەستییەوە سەرقاڵ دەکات، بەڵام کۆڵیشی نەداوە و بەردەوامە لە کارەدەستییەکانی.
مام ساڵح عەبدوڵڵا توتمەیی، لە بەیانییەکی زوودا، دەچێتە ناو گوندەکە و خەریکی لێکردنەوەی لقەکانی داری بی دەبێت بۆ ئەوەی بیانهێنێتەوە و لە دروستکردنی سەبەتەیەکدا بەکاریان بهێنێت.
ئەو پێشتر رۆژانە دوو سەبەتەی دروست دەکرد و ئیستاش بەهۆی خراپی تەندروستی و هەڵکشانی تەمەنییەوە، دەتوانێت رۆژانە یەک سەبەتە یان زەمبیلەیەک دروست بکات و پاشان بۆ بژێوی ڕۆژانەی بیانفرۆشێتە دوکانەکانی ناوچەکە.
مام ساڵح توتمەیی، لە حەوشەی ماڵەکەییدا، لقە کۆکراوەکانی داری بی لە دەوری خۆی دادەنێت و دەست دەکات بە چنینی سەبەتەیەک، بێ ئاگا لەوەی بە تەندروستییەکی خراپەوە لە حەفتاکانی تەمەنیدایە و هەر بە خەیاڵی سەردەمی گەنجیەتی مامەڵە لەگەڵ چەمانەوە و داگرتنی لقی درەختەکاندا دەکات و، لەبەرخۆیەوە دەڵێت هەموو شتێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە تەنانەت چڵە دارەکانیش وەک پێشوو بە ئاسانی ناچەمێنەوە.
ئەو بۆ دروستکردنی تریانی نان، لق و چڵی دارە کۆکراوەکان وەکو کەزی بەسەریەکەوە دەبەستێتەوە و بەدەوری یەکتردا دەیانهێتەوە بۆ ئەوەی بەهێزیان بکات و شێوازێکی بازنەییان لێ دروست دەکات کە وەک ڕاگر سوودیان لێ دەبینی، پاشان لە هەر چواردەوری ئەو بازنەیە بە ئاراستەی فراوانکردنی، دەست دەکات بە چنینی چڵە دارەکان تا ئەو کاتەی بازنەیەکی تەختی فراوانی لێ دەردەچێت و گوندنشینان لە کۆنەوە بۆ دانانی نانی تیری سوودیان لێ وەرگرتووە.
مام ساڵح عەبدوڵڵا لەبارەی پیشەکەی و ژیانی رۆژانەیەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ماوەی پەنجا ساڵە کاری دروستکردنی سەبەتە و زەمبیلە و ئەو کەرستانە دەکەم، کەرستەکان لە (داری بی) دروست دەکەین بەهۆی ئەوەی داری بی ئاسانە لە چەمانەوە و ژمارەیەکی زۆریش لەو جۆرە دارە، لە گوندەکەمان هەیە".
مام ساڵح عەبدوڵڵا گوتیشی: "بۆ دروستکردنی سەبەتەیەک یان شتێکی دیکە، پێویستە لە وەرزی پاییز بەر لەوەی (داری بی) گەڵا دەربکات، لقەکانی ببڕینەوە و ئارامی لێ دەگرین تا ناوەڕاستی وەرزی پاییز بۆ ئەوەی لقی تازە دەربکات و ئینجا کەرەستەکانی لێ دروست دەکەین".
گۆڕانی ئاووهەوا کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دروستکردووە و، پیشەکەی ئەم پیاوە دەستڕەنگینەش لە کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە بێ بەش نەبووە و لەمبارەیەوە گوتی: "دەستکەوتنی دارەکان زەحمەت نیە، ئەگەر شوێنێک رووباری لێ بێت داری زۆرە، ئەم گۆڕانی ئاووهەوایە کاریگەری هەبووە لەسەر سروشت و ژمارەیەکی زۆریش لە دارەکانی ناوچەکەمان وشک بوونە".
لەبارەی شێواز و چۆنیەتی دروستکردنی کەرستەکان، مام ساڵح عەبدوڵڵا توتمەیی گوتی: "هەموو ئەو شتانەی کە لە دار دروست دەکرێت، دەتوانم دروستیان بکەم، شێوازی زۆری هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش (داری بی) بەکاردەهێنم، چونکە ئاسان دەچەمێتەوە و هێزی بەرگریشی زۆرە، جۆرەکانی، قەرتاڵە، تریان، کەندووی نان، سەبەتە و هەموو ئەو شتانەی لێ دروست دەکەم، ئێستا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم، ئەو کەرستانە بۆ مارکێت و دوکانەکان دروست دەکەم کە بۆ نمایشی میوە و گوڵەبەڕۆژە لەو شوێنانە بەکاری دەهێنن".