Heman Hussein Yaseen
20 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمال موسلیم، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعرووف، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان محەمەد شوکری و کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هاکان کاراچای، ٢١ەمین پێشانگای بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ خۆراک و پاکەتکردن و کشتوکاڵ کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیا لە ١١ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە نێوان کۆمپانیاکان و ئاشناکردنی ئامێر و بەرووبوومەکانە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک گرێبەستی گەورە لەنێوان کۆمپانیاکان واژوو بکرێت بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر پەرەپێدانی کەرتی بازرگانیی هەیە".
کەمال موسلیم گوتیشی: "لە بەرنامەی وەزارەتماندایە کە هەموو کارئاسانییەک بکەین بۆ راکێشانی کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتان بۆ ئەوەی لقەکانییان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە و، بابەتەکانییان لێرە بەرهەمبهێنن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەرکی سەرەکی وەزارەتەکەیان ئەوەیە کە پەرە بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەن و کارئاسانی بۆ جووتیاران بکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرهەمەکانیان بکەن.
لە پێشانگاکەدا ١٥٠ کۆمپانیا بەشدارن، لەو ژمارەیەش ٧٠ کۆمپانیا تورکیی و ٣٥ کۆمپانیا خۆماڵین کە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت و، تیایدا ھەریەک لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی، عێراق، تورکیا، رووسیا، ھۆڵەندا، مۆڵدۆڤیا، ئیتاڵیا، ئێران، میسر، بەلجیکا، ئازەربایجان و جەزائیر بەشدارن.