Ahmet Kaplan,Mehmet Çakan
27 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2023
دیاربەکر – AA
لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە سەرووی ئاستی ئاسایی وەرزییەوەن، وشککردنی تەماتە لە ناوچەی کاراجاداغ سەربە پارێزگای دیاربەکر باشووری خۆرههڵاتی توركیا دەستی پێ کردووە.
دوای هاتنەبەری بەروبوومی تەماتە لەسەر رووبەری نزیکەی چوار هەزار دێکار زەوی لە ناوچەی کاراجاداغ بە زەحمەتییەکی زۆر، ئێستا دەست کراوە بە وشککردنی تەماتە.
کرێکارانی کشتوکاڵی چەندین تۆن تەماتەی لێ کراوە و کۆکراوە دوو لەت دەکەن و لەسەر راخەری تەنک و سپی بڵاویان دەکەن و خوێیان پێدا دەکەن.
بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکە ٤٠ پلەی سەدی تێپەڕاندووە بە زەحمەت کارەکانیان ئەنجام دەدەن و دواتر تەماتە وشککراوەکان رەوانەی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی دیاربەکر، مستەفا ئەرتان ئاتاڵار بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لەم سێ ساڵەی دواییدا لە ناوچەی کاراجاداغ تەماتە بەشێوەیەکی بەرفراوان رەنێو دەهێندرێت و گوتی: "لە ناوچەکە زیاتر ئەو جۆرە تەماتەیە رەنێو دەهێندرێت کە بۆ وشککردن گونجاوە. ئەگەر بەخێرایی تەماتە وشک نەکرێت ئەوا کەڕوو هەڵدەهێنێت و تەماتەکان تێک دەچن. لە دیاربەکر لە میانی سێ رۆژدا، تەماتە وشک دەکرێت".
وەبەرهێنەری کشتوکاڵی، موزەفەر ئشکڵی ئاماژەی بەوە دا کە لە مانیساوە هاتووە و تەماتە بۆ وشککردنەوە رەنێو دەهێنێت و گوتی: "تەماتەی وشککراوی دیاربەکر زۆر باشە. تەماتەی وشککراوە لێرەوە بۆ فەڕەنسا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا رەوانە دەکەین".
موزەفەر ئشکڵی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە چاوەڕوان دەکەن پێنج هەزار تۆن تەماتە لەسەر رووبەری ٥٠٠ دۆنم بەرهەم بهێنن و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە زیاتر لە هەزار تۆن تەماتەی وشککراوەی لێ بەرهەم بهێنین. دەرفەتی کارکردنمان بۆ نزیکەی ٤٠٠ کەس رەخساندووە بۆ رەنێوهێنان و وشککردنەوەی تەماتە".
رەنێوهێنەری تەماتە، ئیسماعیل مەنەک ئاماژەی بەوە دا کە لە ناوەڕاستی حوزەیرانەوە دەستیان کردووە بە لێکردنەوە و کۆکردنەوەی تەماتە و گوتی: "تێچووی رەنێوهێنانی تەماتە زیادی کردووە، داوا لە دەوڵەت دەکەین لە دابینکردنی شەتڵەتەماتە، پەیین و دەرمانی کشتوکاڵیدا هاوکاریمان بکات".
گوڵیزار ساداک ئاماژەی بەوە دا کە بۆ وشککردنی تەماتە لەگەڵ دایکی لە قەزای سوروچ لە پارێزگای شانڵیئورفاوە هاتوون بۆ وشککردنی تەماتە و گوتی: "زۆر گەرمە و رۆژانە ١٥٠ سندوق تەماتە دوو لەت دەکەم".
قاسم بەنگی کە ئەوەیش هەر لە قەزای سوروچ-ەوە هاتووە و خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆیە گوتی: "هاوینان بۆ ئەوەی هاوکاری ماڵەوە بکەم، وەک کرێکار تەماتە وشک دەکەم".