Muhammet Ali Kemal
13 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
دوای ئەوەی دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ خوار 52 دۆلار دابەزی، ئەمڕۆش بۆ رۆژی سێیەم لەسەریەک نرخەکەی بەردەوامە لە دابەزین و بووەتە 51 دۆلار و 40 سەنت.
دوێنێ وەزیری نەوت و پیشەسازیی قەتەر محەمەد بن ساڵح ئەلسادە لەلێدوانێکدا لەدوای کۆبوونەوەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک)، ئاماژەی بەوەکرد رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هونەریی لەڤیەننا لە 29ی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی هەناردەی نەوت دەکەن و ئەندامی ئۆپیک نیین.
لەلایەکی دیکەوە هەر دوێنێ ستۆکی هەفتانەی نەوت لە ئەمریکا ئاشکراکرا و بەزیادەی 2 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لەسەروو خەمڵاندنەکانەوە بوو.
دوای ئەو پێشهاتانە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت، دوێنێ لەسەدا 1.5 دابەزی و لەکۆتایی رۆژدا بوو بە 51 دۆلار و 73 سەنت. ئەمڕۆش بۆ رۆژی سێیەم لەسەریەک بەردەوامە لە دابەزین و نرخی بەرمیلێک لەو نەوتە لە کاتژمێر 10:30دا بە 51 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس دوای ئەوەی دوێنێ بۆ خوار 50 دۆلار دابەزی، ئەمڕۆ بەراورد بە نرخی داخستنی بازاڕ لەدوێنێدا، لەسەدا 0.7 دابەزینی بەخۆوە بینیوە و بووەتە 49 دۆلار و 70 سەنت.
شیکەرەوان پێیان وایە ئەگەر بێت و ئەو بڕیارەی رێکخراوی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت جێبەجێبکرێت، ئەوا نیگەرانییەکان زیاددەکات و ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی دابەزاندنی نرخی نەوت، هاوکات بەرزبوونەوەی رێژەی نەوتی ستۆککراو، کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخی نەوت جێدەهێڵێت.