Firdevs Yüksel
04 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2022
ئیستانبوڵ- AA
نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ١١١ دۆلار و ٣٩ سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت تا ١١٩ دۆلار و ٨٤ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ١١٠ دۆلار و ٤٦ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٥١ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٨٤ بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک خاوی برێنت بە ١١١ دۆلار و ٣٩ سەنت فرۆشرا.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ١٠٩ دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوێنێ نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی ١٠ ساڵی رابردوو بەرزبووەوە، بەڵام دوای ئەوەی شاندی دانوستانکاری رووسیا و ئۆکراینا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی لەو ناوچانەی هاووڵاتییانی مەدەنییان لێدەگوێزرێتەوە گەیشتنە رێککەوتن، هەواڵەکانیش باسیان لەوە دەکرد کە دانوستانەکانی ڤیەننا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە کۆتایی نزیک بووەتەوە، نرخی نەوت دابەزی.
بەڵام بەردەوامی جەنگی ئۆکراینا-رووسیا و کۆنترۆڵکردنی سوپای رووسیا بۆ وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت زیاد کرد، ئەمەش وای کرد ئەمڕۆ دووبارە نرخی نەوت بەرزببێتەوە.
بۆ بەرگرتن لە روودانی قەیرانی سووتەمەنی لە جیهاندا، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە، بە بەشداری نوێنەرانی ٣١ وڵات کۆبوونەوەیەکی ساز کرد و لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ٦٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگەکانی دۆخی لەناکاو بخرێنە بازاڕەوە.
لەو نێوەندەشدا ئەمریکا بڕیاری دا، ٣٠ ملیۆن بەرمیل لە یەدەگەکانی دۆخی لەناکاوی خۆی بخاتە بازاڕەوە.
بە بڕوای پسپۆڕان ئەم هەنگاوە رێگری لە هەڵکشانی زیاتری نرخی نەوت دەکات، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی کاتییە بۆ رەواندنەوەی کەمهێنانی خستنەبازاڕی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.