Heman Hussein Yaseen
17 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕی پێنج سەد ملیار دینار کە دەکاتە چوار سەد و بیست ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ بونیادنان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەپێی هەواڵێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕی پێنج سەد ملیار دینار کە دەکاتە چوار سەد و بیست ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ بونیادنان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە بوارەکانی رێگاوبان، سایلۆ، کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ راگەیاند.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەم پڕۆژانە بە چەند قۆناغێک ئەنجام دەدرێن و سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ھەزاران دەرفەتی کار لە ھەرێمی کوردستان دەرەخسێنێت، لەم چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ بەردی بناغەی ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزان لە دھۆک دادەنرێت.