Heman Hussein Yaseen
16 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەوە.
شاندەکەی ئەمریکا پێکهاتبوو لە ئەنجوومەنی بازرگانی نێوان ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان و، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، محەمەد شوکری بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "لە چوارچێوەی سەردان و کۆبوونەوەکانی USKBC کە ئەنجوومەنێکە بۆ پێناسەی بازرگانی لە نێوان ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا بۆ خستنەڕووی کەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، ئەوان خۆشیان لە ھەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی ھانی وەبەرھێنان بدەن".
محەمەد شوکری گوتیشی: "ئەو دەرفەتانەی لە ھەرێمی کوردستان بۆ وەبەرھێنان ھەیە، ئێجگار زۆرن، بەتایبەت لە کەرتی بونیادنان، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، لەو بوارانە کاری زۆر باشە ھەیە کە پێویستە بکرێن".
ناوبراو راشیگەیاند کە بە شاندی میوانیان راگەیاندووە کە چاوەڕێی ھەمواری یاسای وەبەرھێنانن کە لە دەستەی وەبەرھێنان پێشنیازیان کردووە و گوتیشی: "گرنگرترین خاڵی ھەمواری یاساکە بریتیە لە دروستکردنی نەخشەی وەبەرھێنان کە سەرجەم دەسەڵاتی وەبەرھێنان و ئەو شوێنانەی وەبەرھێنانیان تیادا ئەنجام دەدرێت لە کەرتە جیاوازەکان دەدرێنە دەستەی وەبەرھێنان، ئەو پڕۆسەیەی کە پێشوویت لە وەرگرتنی مۆڵەتی وەبەرهێنان هەبووە کە ماوەیەکی درێژی پێویست بووە لە نێوان فەرمانگەکانی حکوومەت لە یاسای نوێدا هەموو ئەو پڕۆسەیە لە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجام دەدرێت".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، محەمەد شوکری گوتیشی: "کەشوھەوایەکی لەبار بۆ وەبەرھێنان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لەو کەرتانەی ئیشی زۆری تیادا نەکراوە وەک رێگاوبان، بەنداو، ھێلی ئاسنین لە نێوان شارەکان، پیشەسازی گەورە و کەرتی کشتوکاڵ، لەکاتێکدا لە دەستەی وەبەرھێنان تەنھا ١،٦ پرۆژەی کشتوکاڵیمان ھەیە دەبێت لە چوار ساڵی داھاتوودا زیاتر بکرێت".