Nuran Erkul Kaya
18 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2022
ئیستانبوڵ - AA
بەشی بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە جیهاندا لە ١٠ ساڵدا، ٤١ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە سەدا ٨،٣.
ساڵی رابردوو فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر، سەدا ١٠٨ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٦،٧٥ ملیۆن.
لە چوارچێوەی ئامانجەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا، وڵاتان وەرچەرخانی خێرا دەکەن بۆ تەکنەلۆجیای کاربۆنی نزم بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی فۆسیل.
ئۆتۆمبێلی کارەبایی گرنگییەکی زۆری هەیە لەبارەی کەمکردنەوەی دەرچوونی ئەو گازانەی سەرچاوەکانیان کەرتی گواستنەوەیە، لەبەر ئەوە مارکەکانی ئۆتۆمبێل وەبەرهێنان و مۆدێلی مارکەکانیان لەو بوارەدا بەخێرایی زیاد کردووە.
هاوکات گۆڕان لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بە هەمان خێرایی لە فرۆشتنیشدا رەنگی داوەتەوە، ساڵی رابردوو گەشەسەندنی روون لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی جیهانیدا بەتەواوی لە بواری ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بوو.
بەپێی ئەو زانیارییەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە داتاکانی ماڵپەڕی "EV-volumes.com"ەوە دەستی کەوتووە لە ٢٠٢١دا، فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر سەدا ١٠٨ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٦،٧٥ ملیۆن کە بەرزترین ئاستی هەموو کاتەکانە، سەرەڕای پەتای کۆرۆنا لە ٢٠٢٠دا، فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ٣،٢٤ ملیۆن بووە.
لە کاتێکدا لە ٢٠١٢دا، بەشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی جیهانیدا، سەدا ٠،٢ بووە لە ساڵی رابردوودا، سەدا ٨،٣ بەرزبووەوە، بەوەیش بەشی بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە جیهاندا لە ١٠ ساڵدا، ٤١ هێندە زیادی کردووە.
هەروەها ساڵی رابردوو گەورەترین گەشەسەندنی ١٠ ساڵی رابردوو بوو لە بواری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندا.
چین ساڵی رابردوو بە فرۆشتنی ٣،٤ ملیۆن زۆرترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشتووە کە بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر سەدا ١٥٥ زیادی کردووە، بە واتایەکی دیکە ٢،٠٦ ملیۆن فرۆشی زیادی کردووە.
لە کاتێکدا لە ئەورووپا ٢،٣ ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراوە، ئەو ژمارەیە بە بەراورد بە ٢٠٢٠ سەدا ٦٦ زیادی کردووە.
ئەمریکا بە فرۆشتنی ٧٣٥ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی ریزبەندی سێیەمی گرتووە لە کۆریای باشوور ١١٤ هەزار و ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراوە، هەروەها فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئیسرائیل ئوسترالیا، هیندستان و ژاپۆن ١٠ هەزاری تێپەڕاندووە.
- بەکاربردنی ساڵانەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، یەکسانە بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئیرلاند
بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە ٢٠١٢دا، بە درێژایی هەموو ساڵەکە ١٣٠ هەزار ئۆتۆمبێل فرۆشراوە، بەڵام لە ٢٠٢١دا، بە یەک هەفتە ئەو ژمارەیە فرۆشراوە.
لە پاش ژمارەی فرۆشی ساڵی رابردوو، تێکڕای ژمارەی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا گەیشتە ١٦ ملیۆن.
لە ٢٠٢١دا، بەکارهێنانی کارەبا لە ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بە تێکڕایی لە جیهاندا گەیشتووەتە ٣٠ تێراوات کاتژمێر کە یەکسانە بە بەرهەمهێنانی یەک ساڵی کارەبا لە ئیرلاند.
ساڵی رابردوو، تێسلا بە فرۆشتنی ٩٣٦ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی ریزبەندی یەکەمی گرت کە ٣٥٢ی لە ئەمریکا، ٣٢١ی لە چین و ١٧٠ هەزاری لە ئەورووپا بووە.
لە دوای تێسلا، گرووپی ڤۆڵگسواگن (VW) ٧٦٣ هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشتووە، "BYD" ٥٩٨ هەزار، "GM" ٥١٧ هەزار، ستێلانتیس ٣٨٥ هەزار.
چاوەڕوان دەکرت ئەمساڵی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات.