Hemn Baban
07 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2019
ھەولێر - AA
چەندین ئافرەتی سەرکەوتوو لە كۆڕبهندی ههولێری ئافرهتانی بازرگان، ئەزموونی خۆیان خستە بەردەستی ئامادەبووان کە نموونەی سەرکەوتن بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر كۆڕبهندی ههولێری ئافرهتانی بازرگان ئەوانەی لە بواری کار و بازرگانییدا سەرکەوتووبوون بەڕێوەدەچیت کە تیایدا بەشێکی ئامادەبووان چەندین نموونەی سەرکەوتنی خۆیان لە بواری کار و بازرگانی باسکرد و سەرنجی ئامادەبووانیشیان راکێشا.
ھەڵسوڕێنەری کاروباری کۆڕبەندەکە کە لەسەر ئەرکی خۆی ئەو کۆڕبەندەی سازکردووە و بەھاوکاریی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، مەنار عەبدولڵا ئاغا رایگەیاند "مەبەست لەم کۆڕبەندە ئەوەیە ئافرەتانی خاوەنکار و ئەزموونی جیاجیا بھێنین و بەیەکتریان بناسێنین و باسی سەرکەوتن و چیرۆکەکانی خۆیان لە بواری کاردا باس بکەن بۆ ئەوەی ھانی ئافرەتانی دیکە ئەوانەی نیازیان ھەیە بێنە ناو بواری کارەوە بدەین".
مەنار عەبدولڵا ئاغا کە خۆی بە بازرگان دەناسێنێت و لە تورکیا دەژییت و کاری بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا و ئوردن و ئیمارات و سعوودیە و چەند شوێنێکی دیکەش دەکات لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە بە ھۆی قۆرخکردنی پیاوانەوە ئافرەتان کەمتر ھاتوونەتە بواری کارەوە، بۆیە دەمانەوێت لەم کۆبوونەوەیە کە لایەنەکانی کارگێڕی، ئابووری، دەروونی، ھەروەھا لایەنی دیکەی ھاتنە ناوەوەی کاریان بۆ باس بکەین دەمانەوێت ئافرەتان ھان بدەین بەرەو ئیشوکاری خۆیان بچن".
لە کۆڕبەندەدا دەیان ئافرەتان ھەبوون، بەشێکیان چیرۆکی ھاتنە ناو کار و گرتنەدەستی کاری خۆیان دەکرد کە چۆن لەسەرەتاوە دەستیان پێکردووە و بەکوێ گەیشتوون، چەندین سەرکەوتنی گەورە لە بواری کاری ئەو ئافرەتانەی ئامادەبووبوون تێبینی دەکرا.
نەدا شەمسوڵڵا ئافرەتێکی ئامادەبووی ئەو کۆڕبەندەبوو، ئەو باسی کاری خۆبەخشیی خۆی دەکرد لە بواری دامەزراندنی پەیجێکی ئەلیکترۆنی بۆ رێنماییکردنی خێزان و تاکەکان لە بواری خۆراکی تەندروست و چۆنێتی بەکارھێنانی خۆراک و کەرەستە جوانکارییەکان بەشێوازێکی تەندروست.
نەدا شەمسوڵڵا ماوەیەکە سەرقاڵی ئەو کارەیە و خۆبەخشانە کاردەکات و ھەزاران کەس بۆ خۆراکی تەندروست پرسی پێ دەکەن و لە ئەزموون و شارەزاییەکانی کە بە ھۆی رووداوێکی راستیی ژیانی خۆیەوە ئەو کارە دەکات بۆیان باس دەکات و شی دەکاتەوە.
ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆڕبەند زۆر بەسوودە بەتایبەت بۆ ئافرەتان بۆ ئەوەی سڵ نەکەنەوە لەوەی ببنە خاوەنی کاری خۆیان، لێرە ئەزموون و سەلیقەی جیاجیا ھەیە کە ھەریەک باسی رابردووی خۆی و چۆنێتی دەستپێکردنی دەکات و لە گێڕانەوەیان چیرۆکی سەرکەوتن ھەیە".
نەدا شەمسوڵڵا ھەروەھا گوتیشی: "من بۆخۆم ئەو کارەی دەیکەم زۆر پێی ئاسوودەم چونکە لە رێگەی ھۆشیارییەوە دەمەوێت بە خێزان و تاکەکان بڵێم چی خۆراکی باشە و تەندروستە و ئەو شتانەی ئەو خۆراکەی لێ دروست دەکرێت یان ئەو کەرەستەیەی پێ بەرھەم ھاتوون چین و چۆنن".
لە کۆڕبەندەکەدا لە چیرۆکی سەرکەوتنی ھەر ئافرەتێک چەندین تێبینی و سەرنجی ئامادەبووان بابەتەکانیان دەوڵەمەندتر دەکرد، ھەمووانیش بەتاسەوە گوێیان بۆ چیرۆکی بەرامبەرەکانیان ھەڵخستبوو، ھەمووشیان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئافرەتیش ھاوشێوەی پیاو دەتوانێت خاوەنی کار و بازرگانیش بێت و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دەستەبەرکردنی داھاتی چەندین خێزان.