Hemn Baban
07 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2019
هه‌ولێر - AA
گوته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان، یاسین مه‌حموود ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له‌و ١٠ هه‌زار پڕۆژه‌یه‌ی پێشتر به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعشه‌وه وه‌ستابوون، رێژه‌ی ٧٠ له‌سه‌دیان ده‌ستیان پێكردووه‌ته‌وه.
یاسین مه‌حموود ناسراو به"مه‌لا یاسین"، سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و ره‌وشی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستاندا و بارودۆخی ئه‌م بواره له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند "وه‌به‌رهێنان له‌هه‌رێمی كوردستان پێی ناوه‌ته قۆناغێكی نوێوه، به‌تایبه‌تی دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم و گوێبیست بوونمان بۆ كارنامه‌كه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وه‌ی ئێمه له‌هه‌رێمی كوردستان كردوومانه وه‌به‌رهێنانێكی زۆر جۆریی نه‌بوو، راسته بایی زیاتر له ٤٥ ملیار دۆلار مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنان له سێكته‌ره جیاوازه‌كان هه‌یه، وه‌كو سێكته‌ره‌كانی بازرگانی، نیشته‌جێبوون، گه‌شتوگوزار، په‌روه‌رده و فێركردن، ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ بواره‌كانی دیكه‌شدا. وه‌به‌رهێنانی بیانی له هه‌رێمی كوردستان بههاوبهشیشهوه رێژه‌ی ٢٥ له‌سه‌دی كۆی سه‌رمایه‌ی وه‌به‌رهێنان تێپه‌ڕ ناكات. به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بۆ دوو بواری سه‌ره‌كی ده‌كرێت له‌م رووه‌وه، ئه‌وانیش بریتیین له؛ یه‌كه‌م كار بۆ زیادكردنی وه‌به‌رهێنانی بیانیی ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كێشه‌یه‌كی زۆر هه‌ن، له‌هه‌ندێك وڵات‌دا به‌هۆی قه‌یرانی دارایی، له‌هه‌ندێك وڵاتی وه‌كو ئێران به‌هۆی سزاكانی سه‌ری، له سوریا كه به بارودۆخی شه‌ڕدا تێده‌په‌ڕێت، له توركیاشدا كێشه‌ی دراو هه‌یه و یاریی ده‌كات، ئه‌مه وا ده‌كات به‌پێی ئه‌و داتایانه‌ی كه له‌به‌رده‌ستی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێناندایه، وه‌به‌رهێنه‌رانی ئه‌و وڵاتانه روو بكه‌نه هه‌رێمی كوردستان".
مه‌لا یاسین له‌درێژه‌ی گوته‌كانیدا بهگهشبینیشهوه گوتی: "پێشبینی ده‌كه‌ین له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا رێژه‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانیی له رێژه‌ی ٢٣ له‌سه‌ده‌وه بۆ ٤٠ له‌سه‌د به‌رزببێته‌وه، ئه‌مه زۆر گرنگه. هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كه‌ین قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانیش له‌م كابینه‌یه‌دا له ٤٥ ملیار دۆلاره‌وه بۆ ٨٠ ملیار دۆلار زیادبكات".
سه‌باره‌ت به كه‌موكورتییه‌كانی بواری وه‌به‌رهێنان له رابردوودا ره‌خنه‌ی گرت و رایگه‌یاند: "ئه‌و ١٣ سێكته‌ره‌ی ئێمه له‌ماوه‌ی رابردوودا وهبهرهێنمان تێداكردوون سێكته‌ری زۆر ژێرخانیی نیین، وه‌كو پێویست خزمه‌تییان به ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه. به‌ڵام بۆ له‌مه‌ودوا حكوومه‌ت مۆڵه‌ت به‌و پڕۆژه ژێرخانییانه ده‌دات، بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ش توانایان هه‌یه. بۆ نموونه له‌هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كو ئێستا له رێگاوبان، ئۆتۆبان، به‌نداوه‌كان، له سایلۆ و فڕۆكه‌خانه و ته‌نانه‌ت ئه‌و پڕۆژانه‌ی خزمه‌تگوزاریی راسته‌قینه پێشكه‌شده‌كات مۆڵه‌تمان نه‌داوه به وه‌به‌رهێنه‌ر. به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌و مۆڵه‌تانه ده‌درێت، به‌تایبه‌ت كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا سه‌رقاڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنانه بۆ ئه‌وه‌ی بینێرێته‌وه بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی. بۆ له‌مه‌ودوا یاساكانی PPP وBOT له‌هه‌رێمی كوردستان كاریان پێده‌كرێت".
گوته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا وه‌به‌رهێنانی له توركیا به‌نموونه‌یه‌كی باش هێنایه‌وه بۆ چاولێكردنی له‌هه‌رێم و رایگه‌یاند:
"ئێستا له‌توركیا فڕۆكه‌خانه گه‌وره‌كانی وه‌كو فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ كه گه‌وره‌ترین فڕۆكه‌خانه‌ی جیهانه، حكوومه‌ت درووستی نه‌كردووه، به‌ڵكو به‌و یاسایانه‌ی باسمان كردن درووستكراوه و دراون به وه‌به‌رهێنه‌ر. هه‌روه‌ها جگه له‌وه ئه‌و شه‌قامه‌ی كه له فڕۆكه‌خانه‌وه ده‌تباته‌وه بۆ ناو ئیستانبوڵ ئه‌وه‌ش گرنگه. ئێستا له توركیا هه‌ندێك شه‌قام درووستكراون كه به پاره‌یه و ئۆتۆبانن. ئه‌مڕۆ وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت، حكوومه‌تی هه‌رێم زۆر سوودی له وڵاتانی دراوسێ بینیوه به‌تایبه‌ت توركیا، چونكه توركیا له‌رێگه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه توانیویه‌تی له‌ماوه‌ی ١٠ ساڵی رابردوو گه‌وره‌ترین ژێرخان بۆ خۆی درووستبكات. ئێمه چاوه‌ڕوانییمان هه‌یه كه وه‌به‌رهێنانی راسته‌قینه له‌هه‌رێمی كوردستان به‌مانای وشه دروست ببێت".
سه‌باره‌ت به ژماره و رێژه‌ی پڕۆژانه‌ی له سه‌رده‌می قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش له ٢٠١٤ه‌وه، راگیرابوون، و ئێستا ده‌ست به‌كاركردن تێیاندا كراوه‌ته‌وه،مه‌لا یاسین رایگه‌یاند:
" له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌نێوان ٤٥ بۆ ٥٠ ملیار دۆلار مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانمان داوه، له‌و بڕه ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌شده‌كات بایی ٢٠ ملیار دۆلار ده‌بێت كه پڕۆژه‌ی ته‌واوكراون. ئه‌وه‌ی ماوه كه نزیكه‌ی ٢٥ بۆ ٣٠ ملیار دۆلار ده‌بێت پڕۆژه‌ی...