Serdar Bıtmez,Gülşen Topçu
16 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ - AA
وەزیر دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر قەتەر نیگەرانیە ئەمنییەکانی ئەو چوار وڵاتەی (سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر) کە گەمارۆیان خستووەتە سەر لەبەرچاو بگرێت، ئەوا رەنگە لە کاتێکی نزیکدا چارەسەری قەیرانی کەنداو پێشوەچوون بەخۆوە ببینێت.
لەمیانی بەشداریکردنی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتەکانی خۆرهەڵاتی نزیک سازکرا، ئال سعود رایگەیاند ''لەگەڵ برایانی قەتەریمان بەردەوامین لەسەر کارکردن. ئومێدەوارین بەردەوامبن لەکارکردن لەگەڵماندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی کەنداو''.
گوتیشی: ''ئەگەر نیگەرانیە ئەمنییە رەواکانمان لەبەرچاو بگیرێت کە بوونە هۆی ئەوەی ئێمە چەند بڕیارێک لەبارەی قەتەر دەربکەین، ئەوا ئومێدەوارین لە کاتێکی نزیکدا چارەسەری قەیرانی کەنداو پێشوەچوون بەخۆوە ببینێت''.
حکوومەتەکانی سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر، لە پێنجی ٢٠١٧دا هەموو پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند، رێگا وشکانیی، ئاویی و ئاسمانییەکانیان بەڕوويدا داخست و گەمارۆی ئابوورییان خستەسەر، بەوەیش قەیران لە ناوچەی کەنداو سەریهەڵدا.
ئەو وڵاتانە ١٣ پێشمەرجیان بۆ قەتەر داناوە بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی خستوویانەتە سەری، کە داخستنی کەناڵی ئەلجەزیرە-شیان لەنێودایە.
لە بەرامبەردا قەتەر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو مەرجانە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیەتی و، ئیدانەیان دەکات و دەڵێت جێبەجێیان ناکات.