Muhammet Kurşun
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
تاران - AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گوتەیەکی پێشکەش کرد و لەبارەی کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی و سزاکانی ئەمریکا روونکردنەوەی دا.
روحانی باسی لەوە کرد کە هەرچەندە لە رابردووشدا وڵاتەکەی رووبەڕووی چەندین سزابووەتەوە، بەڵام رەوشی ئێستا جیاوازە و رایگەیاند: "لە سێ ساڵی رابردوودا رووبەڕووی شەڕی ئابووری بووینەتەوە. پێشتر رۆژانە لایەنی کەم یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بە ١٢٠ دۆلار هەناردە دەکرا. پێش ئەوەی نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠١٣دا بەشێوەیەکی بەرچاو داببەزێت نرخی هەر بەرمیلێک ١٠٤ دۆلاربوو. بانکەکانی وڵاتەکەشمان لە رەوشێکی باشتردابوون".
سەرکۆماری ئێران ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە رێکخراوی هەماهەنگی و گەشەپێدانی ئابووری بەهۆی بەکۆتانەگەیاندنی چاکسازییە داراییەکانەوە، ئێرانی خستوەتە لیستی خۆڵەمێشییەوە و گوتی: "بەهۆی هەناردەنەکردنی نەوتەوە ئەمساڵ رووبەڕووی کێشەی زۆر گەورەتر بووینەتەوە. هەناردە کردنی بەرهەمەکانی دیکە ناتوانن جێگەی نەوت بگرنەوە".
روحانی ئاماژەی بەوەشدا کە ناتواندرێت دارایی پێویست بۆ دەزگاکانی دەوڵەت دابینبکرێت و رایگەیاند: "پێویستە لە بارەی زۆرێک لە کێشەکانەوە ناونیشانە راستەکە نیشانبدەین. کێشەیەکی ریشەیی هەیە و رەنگە حکوومەتیش کەموکوڕی هەبێت لەم کێشەیەدا. پێویستە رەوشی ئێستا لەگەڵ قۆناغی سزاکانی رابردوودا بەراورد نەکرێت. لە رابردوودا سزاکان کەم و زیادیان دەکرد بەڵام لە ٢٠١٨ەوە شەڕی ئابووری دەستیپێکردوە. پێویستە راستییەکان بە گەلەکەمان بڵێین. رەوشی کاتی شەڕ لەگەڵ رەوشی کاتی ئاشتی جیاوازە."