Abdulhameed Husseın Karam
02 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەریمی کوردستاندا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو لایەک زیاتر پەرۆش و خەمخۆری ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانە و ھەموو ھەوڵ و توانای خۆشی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. گوتیشی شایستە داراییەکانی ھەرێم، مافێکی رەوای خەڵکی کوردستانە و ھەرگیز سازشی لەسەر ناکەین و بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم".
ئاماژەی بەوەیشداوە "لەم رۆژانەشدا بەردەوام لەسەر ھێڵ بووین لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە بەلێنیانداوە بابەتی ناردنی مووچە لە چەند رۆژی داھاتوودا چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر لەبەر ھەر ھۆیەک لە کاتی خۆیدا بەشە مووچەی ھەرێم لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچارە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانە پەنا بۆ قەرز ببات و قەرز بکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا، لە بری قەرزەکە دەدرێتەوە“.
راشیگەیاندووە "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بڕیاریدا لە رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/١٢/٣ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئۆکتۆبەر بکرێت بەو داھاتەی لە بەر دەستی وەزارەتی داراییە و بە تەمویلکردنی مووچە بەڕێژەی ٧٩% ، ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان".
باسی لەوەیشکردووە کە "لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو رسوماتەی لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەردەگیرێن، لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانەوە خرایەڕوو و داوای کرد، پەلە بکرێت لە ناردنی زانیاری تایبەت بە خەرجی و داھاتی وەزارەتەکان بۆ لیژنەی باڵا، بە مەبەستی رێکخستنەوەیان.
ئاماژەی بۆ ئەوەیشکردووە "لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەکەدا، لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە (دەرماڵەی لە بری کەمئەندامی) خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد.