Hemn Baban,Abdulla Ibrahim
27 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2016
دیدارەكە كە دوو رۆژ دەخایەنێت تێیدا شارەزایان و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هەشت تەوەری سەرەكی تاوتوێ دەكەن.
ئەمڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دیداری ئابووری ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە "MERI" دەستی بەكارەكانی كرد كە بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت و تێیدا بەرپرسانی حكوومی و كەرتی تایبەت لەسەر ئاستی باڵا قسەیان هەبێت.
دیدارەكە كە تایبەتە بە تاوتوێكردنی ئابووریی وڵات و پێویستی بە پەلەی ریفۆرمی ریشەیی، لە كاتێكدا ئەنجام دەدرێت کە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بە قەیرانێكی دژراوی ئابووری و دارایی تێدەپەڕن، دیارترین تەوەرەكانی دیدارەكەش بریتیین لە "عێراق و هەرێمی كوردستان، سیاسەت و ئابووری لە وڵاتێكی مشەخۆر، جیۆپۆلەتیكس و ئەگەری بوژاندنەوەی ئابووری، چاكسازی كەرتی گشتی و تەرخانكردنی بوودجە، بەڕێوەبردنی وزە و پاڵپشتی داهاتەكان، سەروەریی یاسا و بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی، چاكسازی كەرتی گشتی: پەرەپێدانی پرۆژەی بچووك و مام ناوەند، چالاككردنەوەی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ لە كوردستان، كەرتی دارایی-پەرەپێدانی بەدەستهێنانی قەرز و بنیاتنانی متمانە"ن.
لە دیدارەكە سەرباری بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم و عێراق لەسەر ئاستی دارایی، وزە، كارگێڕی، گەشتوگوزار و چەندین كەرت ئامادەی بووبوون، ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆڕان و مامۆستایانی زانكۆش لەوێ هەن.
بەرپرسی ئینیستیتیوتی مێری بۆ توێژینەوە"MERi"پرۆفیسۆر دکتۆر دلاوەر عەلائەددین لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەوبارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە لە کەشێكی ئەكادیمی بێ لایەن سەركردەی بڕیاردەرەكان و داڕەێژەرانی سیاسەت و توێژی بزنس و سەركردەكانی لەگەڵ خەڵكی ئەكادیمی لە پسپۆڕانی ناوخۆی و دەرەكی لە پێش چاوی خەڵك روانگە و پەیامەكانییان بگەیەنن ئەو كێشە و قەیرانانەی ئێستا تووشمان بوون رێگە چارەسەرییان لەكوێیە چەند دەخایەنێت ئەو قەیرانە و چۆن چارەسەر دەكرێت و چۆن هاوكاری یەكتر بكەن، ئەو كۆمەڵە خەڵكەی لێرەن لە بڕیاربەدەستانی جێبەجێكردن و یاسادانەران تێیدا بەشدارن، بۆیە ئەمڕۆ و سبەی هیوادارین وەڵامی زۆرینەی پرسیارە گەورەكانمان دەست بكەوێت".
دیدارەكە بەپێی راگەیەنراوی سەنتەری مێری لەكاتێكدا ئەنجام دەدرێت کە عێراق و هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی دژراوی ئابووری و دارایی تێپەڕدەبن، درككردنی هەردوو حكوومەت بۆ خۆ رزگاركردن لە مۆدێلی دەوڵەتی مشەخۆری و دووبارە رێكخستنەوەی پێكهاتەی ئابوورییەكەیان، لەو چوارچێوەیەدا كاراكتەرە ناوخۆییەكان دەڕواننە ئەو مۆدیلانەی كە لەسەر ئاستی جیهان سەركەوتووبن، دیداری مێری لەماوەی دوو رۆژدا و لەو دیدارەدا تیشك دەخاتە سەر پێویستی چاكسازی لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت.