Hemn Baban
28 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2016
لەمانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا عێراق 11 ملیار دۆلار یەدەگی خۆی راكێشاوە.
بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات "بارودۆخی دارایی عێراق لەوپەڕی خراپیدایە و یەدەگی نەختینەیی عێراق بۆ 50 ملیار دۆلار دابەزیوە و لە نزیكەی 10 مانگدا 11 ملیار دۆلاری لەو یەدەگە راكێشاوە".
ناوبراو لەوبارەیەوە زیاتر دوا و رایدەگەیەنێت: "بارودۆخی دارایی عێراق لەوپەڕی خراپیدایەیەتی، ئێستا عێراق مانگانە نزیكەی دوو ملیار دۆلار داهاتیەتی، بۆیە هەمیشەش مانگانە دوو ملیار دۆلار قەرز دەكات بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی، ئەوەش وادەكات ئەو قەرزەی دەیكات كە قەرزێكی ناوخۆییە زۆرینەی لە یەدەگی یاسایی و لە بانكە ئەهیلییەكانەوە وەربگرێت".
ئەحمەد حاجی رەشید گوتیشی: "ئەو یەدەگەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا كە 61 ملیار دۆلار بوو، لە ئێستادا لە پەنجا ملیار دۆلار كەمتر بێت".
سەبارەت بە چارەسەریی بارودۆخی خراپی دارایی عێراق بڕیاردەری لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "لە دوایین راپۆرتیدا رۆژنامەی ۆولستریت ژورناڵ باس لەوە دەكات عێراق 10یەمین وڵاتە بۆ سەرچاوەی داهات بەڵام ئیدارەی شكستخواردووی هەیە. عێراق سامانی باشی هەیە، خۆی بۆ خۆی وڵاتێكی دەوڵەمەندە بەڵام كێشەی شكستی ئیدارەدانی دارایی هەیە. بۆیە ئەگەر پلانی تۆكمە دابنرێت و ئیرادەی سیاسی هەبێت دەكرێت ئەم بارودۆخەی عێراق بەرەو چارەسەری ببرێت و دیارە من بەدووری دەزانم ئەو چارەسەرییانە بكرێت چونكە عێراق وڵاتێكە كێڵگەیەكی بەپیتە بۆ گەندەڵكاران".
ئەحمەد حاجی رەشید لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كرد كە بڕێكی زۆر لە پارەی عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە براوەتە دەرەوەی عێراق و گوتی: "لە ساڵی 2003ەوە بڕی 312 ملیار دۆلار براوەتە دەرەوەی عێراق كە ئێمە بەلانیكەم گومانمان لە بڕی 100 ملیار دۆلاری ئەو بڕە پارەیە هەیە".
سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانەش، ناوبراو گوتی: "گرفتێك هەیە لە گەڕاندنەوەی پارەكاندا. هەندێك لەو وڵاتانەی ئەو پارانەیان بۆ رۆیشتووە نایگەڕێنێتەوە چونكە بە سەرچاوەی داهاتی خۆی دەزانێت، هەندێك دادگاكانی ئەو وڵاتانە لێ ناگەڕێت ئەو پارانە بگەڕێتەوە، هەندێكی دیكەش هێندە بە لێزانی بردوویانەتە دەرەوە بە ئاسانی ناتوانرێت بگەڕێتەوە".
سەبارەت بە بوودجەی ساڵی داهاتووی عێراقیش بڕیاردەری لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "عێراق لە ساڵی داهاتوودا تەنها ئەگەر بتوانێت مووچە دابین دەكات، هیچ وەبەرهێنانێك ناكرێت، واتە بارودۆخی دارایی ساڵی 2017 باشتر نابێت لە ساڵی 2016، رەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كەمێك دۆخەكە باشتر ببێت بەڵام ئەوەش تەنها بۆ دابینكردنی مووچە دەبێت".
دەربارەی قەرزەكانی عێراقیش ئەحمەد حاجی رەشید لە کۆتاییدا گوتی: "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە كە لە دەزگا و دامەزراوەکانی فەرمیی عێراقەوە پێمان گەیشتووە، عێراق بڕی 81 ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆی ودەرەكی لەسەرە".