ھەولێر
ئەو پەرلەمانتارەی پێشنیازیکرد نرخی بەنزین لە بەنزیخانە حکومی و بازرگانییەکانیدا ببێتە یەک نرخ و ٨٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک بێ دەڵێ: رووداوەکانی کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە ئەو بەنزینەی بۆ ھەرێم دەھات بەرێژەی ٢٥% کەم کردەوە.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان تەحسین دۆڵەمەڕی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو ھۆکار لەپشت قەیرانی بەنزینەوەن لە ھەرێمی کوردستان. بارودۆخی ئەمدواییە و کۆنترۆڵکردنی موسڵ و چەند شارێکی تر لەلایەن ھێزەکانی داعشەوە بووە ھۆی ئەوەی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان کەم بێتەوە بە تایبەت لەگەڵ بڕینی بەشی ھەرێم لە بەنزین کە لە بێجییەوە دەھات، لەگەڵ ئەوەشدا ھاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی موسڵ و شوێنەکانی تریش کاریگەریی زۆری ھەبوو لەسەر دروستبوونی قەیرانەکە."
دۆڵەمەڕی لەو بارەیەوە دەڵێ: "بەپێی راپۆرتی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە بەدواداچوونی بوو بۆ قەیرانی بەنزین کردووە و چەند رۆژێکی کەمە دراوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەرێژەی ٢٥% رێژەی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە بە بەراورد بە پێش رووداوەکانی ٩ی حوزەیرانی و گرتنی موسڵ و بەرێژەی ٢٥%یش خواست لەسەر بەنزین زیادی کردووە."
دۆڵەمەڕی ھێما بۆ ئەوەش دەکات پێش قەیرانی ئێستای بەنزین، ھەرێمی کوردستان سێ سەرچاوەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بەنزین ھەبوو، ئەوانیش پاڵاوگە نێوخۆییەکان، بێجی، ھاتنی بەنزین لە تورکیا بوو.
لەبارەی ئەو قسانەشی کە گوایە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەندەڵییەک بە بڕی ٥ ملیۆن دۆلار تێوەگلاوە بەھۆی فرۆشتنی بەرھەمی بەنزینی خۆماڵی بەنرخی بازرگانی، دۆڵەمەڕی ئەو قسانە بە" چەواشەکاری" ناودەبات و دەڵێ: "حکومەت تا ھاتنی بەنزین لە تورکیاوە ناچار بووە بەنزینی خۆی بە بەنزینخانە بازرگانییەکان بدا تا قەرەباڵغی کەم ببێتەوە و دواجاریش ئەو بەنزینەی ھاوردە دەکرێ دەخرێتەوە شوێنی ئەو بەنزینە."
تەحسین دۆڵەمەڕی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکا ئەو پێشنیازی کردووە نرخی ھەر لیترێک بەنزین بکرێ بە ٨٠٠ دینار، لەو بارەیەوە روونیدەکاتەوە: "حکومەت نرخی ٥٠٠ دیناری بۆ ھەر لیترێک بەنزین لە بەنزیخانە حکومییەکان کەم بوو، ھاوکات ھاووڵاتیانش نرخی ھەزار و ٢٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک لە بەنزیخانەی ئەھلی پێ زۆر بوو، بۆیە من ئەو دوو ژمارەیەم کۆکردەوە و دابەشی دووم کرد و دواتر لە پەرلەمانیش کرا بە ٨٠٠ دینار، ئیدی چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتین بزانین پێی باش دەبێ یان نا."
لەبارەی پێداویستیی ھەرێمی کوردستان لە بەنزین، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "ھەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە ٦ تا ٧ ملیۆن لیتر بەنزین ھەیە، بەڵام ئێستا لە پاڵاوگە نێوخۆییەکانەوە تەنھا بڕی ٣٢٠٠ ھەزار لیتر بەرھەم دێ، واتە نزیکەی ٥٠% کەمترە لە پێداویستی."