سلێمانی
مەرزی هانە گەرمەڵە - بیارە مەرزێكی ناڕەسمی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانە و دەكەوێتە پشت ناحیەی بیارە (هەورامان) لە دووری شەش كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە.
بیارە ناوچەیەكی سنووری نێوان ئێران و عێراقە و لەسەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئەو دو وڵاتە ناوچەیەكی جەنگیی بووەو كەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری هەردوولا، ناحیەكە ئێستا بووەتە سنوورێكی تێكەڵەی نێوان هەردو وڵات و جۆگەلەیەك سنوورەكان لێك جیادەكاتەوە و بە شێك لە خانوو و باخەكانی دانیشتوانەكەی كەوتووەتە سنووری ئێرانەوە.
دوای سەرهەڵدانی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی مەرزی هانەگەرمەڵە ـ بیارەوە شەوانە دەیان كاسبكاری كورد لەهەردوولا سەرقاڵی هێنانی سوتەمەنین لە گوندی هانە گەرمەڵە لە خاكی ئێرانەوە بۆ بیارە.
مەرزەكە مەرزێكی ڕەسمی نییە، بەڵام بە پێی ڕێكەوتنێكی نێوان بەرپرسانی هەردوولا بۆ كەمكردنەوەی قەیرانی سوتەمەنی چاوپۆشی دەكرێ لەو كۆڵبەرانەی لە شاخەكانەوە بە وڵاخ و بارە سوتەمەنییەكانیانەوە دێنە خوارەوە.
بەرێوەبەری ناحیەی بیارە (نوخشە ناسیح) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سنووری ناوچەی هەورامان مەرزێكی ڕەسمی (شۆشمێ) و چەند مەرزێكی لاوەكیمان هەیە كە قاچاخن ، بەڵام رێکكەوتنێكمان لەگەڵ بەرپرسانی لایەنی ئێرانی كردووە بۆ هێنانی سوتەمەنی لەو مەرزانەوە لەژێر چاودێری حكومەت و بە پێی كوالێتی. ئەو كەسانەی لەو مەرزانە كار دەكەن دەبێ ناویان لەلای ئێمە هەبێ و ناسراو بن ، شەوانە زیاتر لە 100 هەزار لیتر سوتەمەنی بە كوالێتی لە سنوورەكانی ئەم ناوچەیەوە دەهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستان و ئەگەر جۆرەكەی خراپ بێ دەیگێڕینەوە."
لە مەرزی هانەگەرمەڵە نزیكەی 200 كاسبكار شەوانە كار دەكەن ، ئەوان بە 450 وڵاخ(هێستر و كەر) لە گوندی هانە گەرمەڵە لە دیوی ئێران بە 15 دەقیقە لە ڕێگەیەكی شاخاوییەوەو بە ڕێگەیەكی قاچاخدا بارەكانیان دەهێننە مەرزەكە كە گۆڕەپانێكی خۆڵاویە لە پشت ناحیەی بیارە.
ئەو كاسبكارانەی سوتەمەنیەكان دەهێنن هاووڵاتی ئێرانین و لە هەر باریكدا هەشت بۆ 10 دەبە سوتەمەنی ( بەنزین ، نەوت ، گاز) لە وڵاخەكانیان بار دەكەن و بە خێرایی خۆیان دەگەیەننە سنوورەكەو دەیفرۆشن بە چەند كاسبكارێكی تری دانیشتوی ناحیەكە.
كاتی هاتنی كۆڵبەرەكان و هێنانی سوتەمەنی لەلایەن ئەو كەسانەوە دیاری كراوە، شەوانە لە سەعات حەوتی ئێوارە دەست پێدەكات و 12ی شەو كۆتایی دێ ، كۆڵبەرەكان بە دوای یەكداو بە چەند وەجبەیەك بە خێرایی دێن تاوەكو فریای هێنانی كۆڵێكی تری سوتەمەنی بكەون، بەو شێوەیەش شەوانە سێ تا چوار كۆڵ دەهێنن.
یەك لە كۆڵبەرە ئێرانییەكان كە گەنجێكی خوێندكاری زانكۆی كرمانشان بوو، ئاماژەی كرد بەوەی لە خێزانەكەیدا تەنها ئەو قاچاخچێتی و كاری هێنانی سوتەمەنی دەكات و شەوانە 100 دۆلاری دەست دەكەوێ.
كاسبكارێكی مەرزەكەش غالب سەلیم گوتی: "ئەم مەرزە مێژوویەكی كۆنی هەیەو پێشتر كاڵای جۆراو جۆری لێوە ئاڵوگۆڕ كراوە، دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان تەنها سوتەمەنی دەهێنرێتە ناوەوەو شەوانە لەم ڕێگەیەوە نزیكەی 60 هەزار لیتر سوتەمەنی دەهێنرێ."
ئەو نیگەرانی كاسبكارەكانی نیشاندا لەوەی وەك پێویست ئاوڕ لە مەرزەكە نەدراوەتەوەو گوتی: "ئەگەر گرنگی زیاتر بەمەرزەكە بدرێ گرەنتی چارەسەر كردنی قەیرانی سوتەمەنی لەناوچەی هەورامان و شارەزور و هەڵەبجە دەدەین."
ئاماژەی بەوەش كرد داواكارییەكی زۆری بەنزینیان لەسەرە، بۆ هەر دەبەیەك بەنزین بڕی 40 هەزار تمەن (18 هەزار دیناری عێراقی) دەدەنە كاسبكاری ئێرانییەكان، دواتر ئەو سوتەمەنیە لە دەبەوە دەكرێتە تانكەرەو ڕەوانەی ناوچەكانی تر هەرێمی كوردستان دەكرێ و نرخەكەی دەگاتە 30 هەزار دینار بۆ هەر دەبەیەك.
لە سنورەكەدا هێزەكانی ئاسایش و پاسەوانی سنوری هەرێمی كوردستان ئامادەییان هەیەو چاودێری وردی كاسبكارەكان ، هەروەها ڕێگری دەكەن لە هەر كاڵایەكی تر جگە لە سوتەمەنی بەقاچاخ مامەڵەی پێوە بكرێ.
ئەو كاسبكارانە هەرچەندە لەلایەن بەرپرسانی ئێرانی و ناحیەی بیارەوە چاوپۆشیان لێكراوەو جۆرێك ڕێكکەوتن لەسەر كارەكەیان هەیە ، لەگەڵ ئەوەشدا بەدور نین لە مەترسی سەربازانی پاسەوانی سنووری ئێرانی و بە وریاییەوە كارەكەیان دەكەن و لەگەڵ هاتنی ئەو هێزانەدا هەمووان سنورەكە چۆڵ دەكەن.
كاسبكارێكی گەنج گوتی: "چەند جارێك هێزەكانی سنوری ئێرانی هاتونەتە مەرزەكەو پەلاماری كەلوپەلەكانیان داوین ، بەلام بە شێوەیەكی گشتی ئاسایشی سنورەكە پارێزراوەو هیچ ڕوداوێكی ناخۆش ڕوینەداوە."