hamza mansur
14 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2016
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە خوارووی 50 دۆلار، ئەوەیش دوای ئەوەی بەرزترین ئاستی هەشت مانگی رابردووی تۆمار كرد كە 52.83 دۆلار بوو.
دابەزینی نرخی نەوتی خاو بۆ خوارووی 50 دۆلار لە بازاڕەكانی جیهاندا، هاوكاتە لەگەڵ وادەی نزیكبوونەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبارەی چارەنووسی بەریتانیا لە ناو یەكێتیی ئەورووپا.
هاوكات رێكخراوی ئۆپێك لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئێوارەی دوێنێ پێشبینیەكانی لەبارەی زیادبوونی داواكاری رۆژانە لەسەر نەوتی خاو لەمساڵدا وەك خۆی هێشتەوە.
ئۆپێك پێشبینی كردووە کە لەمساڵدا داواكاری لەسەر نەوت بەهۆی داواكاریی لەلایەن هیندستان و ئەمریكا لەسەر بەرووبوومەكانی نەوت بگاتە 94 ملیۆن و 18 هەزار بەرمیل.
لە سەعات 8:45 خولەك بە كاتی گرێنچ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە 50 دۆلار و 35 سەنت بۆ 49 دۆلارو 60 سەنت دابەزی.
نەوتی خاوی ئەمریكی "نایمكس" بەهەمان شێوە لە سەعات 8:56 خولەک لە 48 دۆلار و 55 سەنت گەیشتە 48 دۆلارو 12 سەنت.
ئەوەیش لە كاتێكدایە، شیكاران باس لەوە دەكەن كە نەوتی برێنت لە 10ی ئایاری رابردووە تا ئیستا خواستی بەرزبوونەوەی نرخەكەی پاراستووە و، جەخت لەسەر ئەوەیش دەكەنەوە كە پێشهاتەكانی خستنەبازاڕ و بەرزو نزمی بەهای دۆلار، بەردەوام دەبن لەسەر دیاری كردنی نرخی نەوت.