سلێمانی
بەڵێندەران بەیاننامەیەكیان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و پارێزگارەكان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كرد.
لەو بەیاننامەیەدا كە لەلایەن سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان ناجی عزەدین بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خوێندرایەوە، ئاماژە بەوە دەكات قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان كاریگەریی گەورەی لەسەر توێژی بەڵێندەران دروست كردووە و ماوەی 13 مانگە بەبێ بوودجە و ئیستحقاقی كارەكانی پڕۆژەكانیان بەردەوام كردووە.
بەڵێندەران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لەو ماوەیەدا 54 نووسراویان ئاراستەی دەزگاكانی حكوومەت كردووە و دەیان كۆبونەوە و هەشت گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام داوە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكی ئەرێنی و دەرەنجامێكی باشیان دەست نەكەوتووە.
لە هەرێمی كوردستان بە بڕی یەك ترلیۆن و 700 ملیار دینار كار لە دوو هەزار و 900 پڕۆژە كراوە، لە پارێزگای سلێمانی هەزار و 407 پڕۆژە بە بڕی 750 ملیار دینار لەو ساڵەدا كراوە.
بەڵێندەران باس لەوە دەكەن ماوەی دوو مانگە هیچ چەكێكیان بۆ نەكراوە و بوودجەی ناوچە جیاكانیش كە 80 ملیۆن دۆلارە ماوەی 13 مانگە چەكیان بۆ نەكراوە و ئایندەی نادیارە.
ئەوان لە بەیاننامەكەیاندا لە دە خاڵ دا كێشە و گرفتەكانی بەڵێندەرانییان لەئێستا و داهاتوودا خستووەتە ڕوو كە زیاتر باس لە نەبوونی پێشینەی پڕۆژەكان و دواكەوتنی پڕۆژەكان بەو هۆیەوە دەكات.
پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 250 ملیار دیناری بۆ كۆمپانیاكان تەرخان كردبوو.
ناجی عزەدین لە بارەی ئەو بوودجەیەوە گوتی: "دوای دابین كردنی ئەو بڕە پارەیە و بڕیاری وەزارەتی دارایی كە ئێمە بەشداربین لە شێوازی دابەشكردنەكەی، بەڵام دوای یەك مانگ بەسەر بڕیارەكە و دواخستنی هیچ كارێك بە سەرنجەكانی ئێمە نەكراو تەنها دوو بوودجە (وەبەرهێنان و پەرەپێدان) وەریگرتووە و بوودجەكانی تریش فەرامۆش كراوە".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەزار و 68 كۆمپانیا بۆ كاری بەڵێندەرایەتی تۆمار كراوە.
ئەو قەیرانە داراییەی لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە هەرێمی كوردستانی گرتەوە، بووە هۆی نەمانی پارە لە بانكەكان و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و پێشینەی كاری بەڵێندەران.
ئەوەش وای كرد زۆرینەی كۆمپانیاكانیان كاركردن لە پڕۆژەكانیان رابگرن و هەتائێستا چاوەڕوانی وەرگرتنی پێشینەی پڕۆژەكانیان دەكەن.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون داوای لە نوێنەری بەڵێندەران كرد سەردانی بكەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر داواكارییەكانیان.