Firdevs Yüksel
13 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2022
ئیستانبول - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ١٠٤ دۆلار و ٨٧ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە ١٠٥ دۆلار و ٦٠ سەنت و رۆژەکەی بە ١٠٤ دۆلار و ٦٤ سەنت تەواو کرد.
ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٠٩:٢١ەوە، نرخەکەی بە بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ بەڕێژەی لەسەدا ٠،٢٢ بەرزبووەتەوە و گەیشتە ١٠٤ دۆلار و ٨٧ سەنت.
لە ھەمان کاتدا یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI) بە ١٠٠ دۆلار و ٦٩ سەنت فرۆشرا.
دوای ئەوەی رووسیا رایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکراینا گەیشتوونەتە بنبەست، نیگەرانی لەبارەی خستنەڕووی بازاڕ دروست بوو، ئەوەیش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
لای خۆیەوە، سەرۆکی پارتی خزمەتکاری گەل لە ئۆکراینا، دەیڤد ئاراخامیا کە سەرۆکایەتی شاندی ئۆکراینا دەکات لە دانوستانەکاندا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پابەندن بە رێککەوتنەکەی ئیستانبوڵ.
دەیڤد ئارخامیا باسی لەوە کرد کە ئۆکراینا بە پێچەوانەی لێدوانی رووسیا هەڵوێستیان نەگۆڕاوە و رایگەیاند ''تاکە جیاوازییەک ئەوەیە کە ئۆکراینا رەچاوی هەموو ئەو کێشە زیادانە ناکات کە لە رێککەوتنەکەی ئیستانبوڵدا نییە. لەوانەشە ئەمە ببێتە هۆی لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ دۆخی ئێستای پرۆسەی دانوستانەکە''.
لەلایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە چین، نیگەرانییەکانی لەبارەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕە جیهانیەکاندا دروست کردووە، ئەوەیش گوشار لەسەر نرخەکەی دروست دەکات، هاوکات هەواڵی پلە بە پلە هێواشکردنەوەی رێکاریەکان لە شەنگەهای کە گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە کەمێک ئەو نیگەرانیانەی رەواندووەتەوە و پشتیوانی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکات.
بەپێی پێشبینییەکانی پەیمانگای نەوتی ئەمریکا، یەدەگی نەوتی خاوی بازرگانیی لەو وڵاتەدا لە ھەفتەی رابردوودا بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر، حەوت ملیۆن و ٧٥٧ ھەزار بەرمیل زیادی کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە چاوەڕوانی بازاڕ بەو ئاراستەیە بوو کە یەدەگەکان یەک ملیۆن و ٣٦٧ ھەزار بەرمیل زیاد بکات.
فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ داتا فەرمییەکانی یەدەگی نەوت رادەگەیەنێت.
باس لەوەیش دەکرێت، رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ١٠٥ دۆلار و ١٧ سەنت بۆ ١٠٦ دۆلار و ٤٥ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ١٠٣ دۆلار و ٨٩ سەنت بۆ ١٠٢ دۆلار و ٦١ سەنت بمێنێتەوە.