لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سەمەد محمد حوسێن سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، باسی ژینگەی هەرێمی كرد.
لەبارەی ژینگەی هەرێمی كوردستان سەمەد محمد حوسێن گوتی: "بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیا و كارگەی خۆماڵی و دەرەكی و بوونی رێژەیەكی زۆر سەیارە، ئەمانە راستەوخۆ كاریگەریی خراپیان كردۆتەوە سەر ژینگەی هەرێمی كوردستان، كەواتە ژینگەی هەرێم لە مەترسیدایە."
دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم لەكابینەی پێنجی حكومەتی هەرێم لە چوار چێوەی هەیكەلی وەزارەتێك رێكخرابوو پاشان لە كابینەی شەشی حكومەت كرایە دەستەو لە كۆمەڵی ئیسلامی وەرگیرایەوە و درا بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
سەمەد حوسێن ناسراوە بەحاكم سەمەد باس لە كاری دەستەكەیان دەكا كە چیان كردوە و بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پلانی درێژخایەن و كورت خایەنمان هەیە بە چەند سێكتەرێكی جیاواز، بەڵام ژینگە تەنیا پەیوەندی بە دەستەكەی ئێمەوە نیە، بەڵگو پێویستە هاوڵاتییان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی. راگەیاندن و هەماهەنگی هەموو لایەك كار لەسەر رووبەڕوی هەڕەشەكانی سەر ژینگە بكەن بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ رێكخراوەكان و راگەیاندن و ژنان و مامۆستایانی ئاینی گفتوگۆمان كردوە."
سەمەد گوتیشی: "ئێستا بەرنامەیەكمان هەیە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە هەر قوتابخانەیەك یانەیەكی ژینگەی دروست بكەین، ئەوەش بەڕێی راهێنانی مامۆستایەكە لە ناو قوتابخانەكاندا بۆ ئەوەی هەندێ شتی سەرەتایی لەبارەی ژینگەوە بزانن، ئەوانیش بیگەیەننە قوتابیان."
سەرۆكی دەستەی چاككردنی ژینگەی هەرێم بەشێكی تری كاری دەستەكەیانی خستەڕوو گوتی: "پلانێكی نوێمان داڕشتوە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سەر ژینگە هەروەها رۆژ لەد وای رۆژ سانسۆری زیاتر دەخەیەنە سەر ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بۆنموونە كارگە و ئۆتۆمبێل یاخود ئەو كەسانەی راو دەكەن و ئەوانەش دەبنە زیان بۆ سروشتی هەرێمی كوردستان."
لە شارێكی وەك هەولێر رۆژانە زیاتر 2 هەزار تەن پاشەڕۆ هەیە تا ئێستاش ئەو پاشەڕۆیە بۆ پێویستی تر بەكار ناهێنرێ و بەشێوەیەكی نا تەندروست دەسوتێنرێ.
حاكم سەمەد سەرۆكی دەستەی چاككردنی ژینگەی هەرێم گوتی: "پاشەڕۆی ماڵان كاریگەریی خراپی كردۆتەوە سەر ژینگە و ئاوی ژێر زەوی و سروشت بەگشتی، ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە، خۆشبەختانە لە سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیایەك رێك كەوتووین بۆ ئەوەی لەماوەی 18 مانگ كارگەیەك دابنێ هەرچی خۆڵ و خاشاك هەیە بیستوتێنێ و وزەی لێ دروست بكا لە هەولێریش هەمان كار دەكەین."
رێژەی سەوزایی لەهەرێمی كوردستان رۆژ بەرۆژ بەرەو زیاتر دەڕوا ئێستا لە شارەكان رێژەی سەوزی لە سەڕووی سەدا حەوتە لەناوچە شاخاوییەكان بەرزترە. حاكم سەمەد ئەو رێژەیە بەكەم وەسف دەكا چونكە ئەمە رێژەی ستانداردی جیهانی نییە.
لەهەرێمی كوردستان كۆمپانیا بیانییەكان زیاتر لە 40 گرێبەستی نەوتیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی ئیمزاكردوە، سەبارەت بە پاكڕاگرتنی ژینگەی هەرێم لای ئەو كۆمپانیانە. سەرۆكی دەستەی پاك راگرتن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان رەخنە لە كۆمپانیاكان دەگرێ.
حاكم سەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو كۆمپانیانە مامەڵەیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە، وەزارەتیش بەشێكی پێكهێناوە بەناوی ژینگە ئەوەش زۆرجار گرفتی بۆ ئێمە دروستكردوە، چونكە كۆمپانیاكان مامەڵە لەگەڵ وەزارەت دەكەن. چەند جارێك لەگەڵ وەزارەت دانیشتوین، لە هەوڵی ئەوەین پەیوەستبوونی كۆمپانیاكان لەڕووی ژینگەوە ئێمە رێنماییان بەسەردا جێبەجێ بكەین."
هەر لەوبارەوە سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان گوتی: "هەندێ جار كۆمپانیا نەوتییەكان مەترسی بۆ سەر ژینگەی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، كاری خراپیان كردوە. بۆنموونە داریان بڕیوە بوونەتە هۆی زیان بۆ سەوزایی و پاشماوە نەوتییەكانیان بەشێوەیەكی باش پاك نەكردۆتەوە، یاخوود ڕێژەیەكی زۆری ئاویان بەكارهێناوە."
دەستەی ژینگەی هەرێم چەندین جار ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگادار كردۆتەوە، پێیانوایە ئەگەر پیسبوونی ژینگە لەلایەن كۆمپانیا نەوتییەكان بەردەوام بێ مەترسی زۆری دەبێ بۆ سەر ژینگەی هەرێم و كاریگەریی خراپیشی دەبێ بۆ سەر رەوشی تەندروستی هاوڵاتییان و ئاوی ژێر زەوی.