Rewa Mahmood Hasan
28 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2022
سلێمانی - AA
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، "بەهۆی گرانی نرخی سووتەمەنی و ئالیکەوە لەئێستادا بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت، بەڵام بەهۆی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو لە دەرەوەی وڵات، ناچارن کە کیلۆیەک بە هەزار دینار زیان بفرۆشنەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، نوێنەری خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان سهردانی نووسینگهی سلێمانی پەرلەمانی کوردستانیان كرد و لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکدا کۆبوونەوە.
دوای كۆبوونهوهكه ئهندامی پهرلهمانی كوردستان، عوسمان سێدەری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا داوای لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان کرد کە رێگە لە هاوردەکردنی مریشکی بەستو بگرێت و رایگەیاند ''هەرچەندە بە بڕیارێک هاوردەکردنی مریشکی بەستو راگیراوە، بەڵام لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا مریشکی بەستوو بەشێوەیەکی بەرچاو بوونی هەیە و ئەمەش زیانی داوە لە کێڵگە پەلەروەرییەکان و بەرهەمی ناوخۆ".
عوسمان سێدەری ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی گرانبوونی نرخی پێداویستییەکان و لەنێویشیاندا پێداویستییەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان وایکردووە بارگرانییەکی زۆر بکەوێتە سەر شانی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، بۆیە یاداشتەکەی خاوەن کێڵگەکان دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هاوسەنگی وا بدۆزنەوە کە خاوەن کێڵگەکان مافەکانیان بەدەستبهێنن و تووشی زیانی ماددی نەبن و نرخەکانیش لەسەر هاووڵاتییان گران نەبن.
عوسمان سێدەری گوتی: "پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ چارەسەرێکی بەپەلە و گونجاو بدۆزنەوە و داواکاری خاوەن کێڵگەکان بۆ کەمکردنەوەی گومرک یان لابردنی تەواوەتی گومرک لەسەر پێداویستییەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان، هەر لە عەلەف و سووتەمەنییەوە جێبەجێ بکرێت، ئەوەش له بەرژەوەندی هاووڵاتییانە کە نرخەکانیان لەسەر گران نابێت و خاوەن کێڵگەکانیش تووشی زیانی زیاتری ماددی نەبن".
لە بەشێکی تری کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، نازم عەبدوڵڵا باسی لە کێشە سەرەکییەکانی کێڵگە پەلەوەرییەکان کرد و گوتی: "کێشەی گەورەمان هەیە کە خۆی لە گرانی نرخی ئالیک و سووتەمەنی، بوونی مریشکی بەستوی هاوردەکراو لە بازاڕەکاندا و کێشەی بە بازاڕکردن، ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا دەبینێتەوە".
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، لەئێستادا بەرهەمهێنانی کیلۆیەک مریشک، سێ هەزار دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت، بەڵام ئەوان بە هەزار و ٩٠٠ دینار بۆ دوو هەزار دینار دەیفرۆشنەوە کە ئەوەش زیانێکی گەورەی رووبەڕووی خاوەن کێڵگەکان کردووەتەوە و زیانی نزیکەی ٨٠ ملیار دینار بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کەوتووە و گوتی: "خاوەن کێڵگە هەیە لە ناچاریدا خانوو و ئۆتۆمبێلی خۆی فرۆشتوە و ئەگەر بارودۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی" .
نازم عەبدوڵڵا گوتی: "کەرتی بەخێوکردنی پەلەوەر و کێڵگە پەلەوەرییەکان تاکە کەرتە لە سەرانسەری عێراقدا کە پێشکەوتنی بەرچاو زۆر باشی بەخۆوە بینیوه و توانراوە بەهۆی ئەو کێڵگە پەلەوەریانەوە ٤٠٠-٥٠٠ هەزار هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێندرێت و ئەگەر کێڵگە پەلەوەرییەکان لەناو بچێت، ئەوا ئەو کەسانەش بێکار دەبن و دووبارە دەبنە بارگرانییەکی دیکە بەسەر شانی حکوومەتەوە".