Heman Hussein Yaseen
10 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
بە گوێرەی بڕیارێک کە بە واژووی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی رۆژی ١/٩/٢٠١٩ دەرچووە پشتبەستن بە یاساى پاراستن و پێشخستنى بەروبوومى کشتوکاڵ ژمارە ٤ى ساڵى ٢٠٠٨ و پاڵپشت بە نووسراوى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران ژمارە ٦٥٤٧ لە ٢٢/١٠/٢٠١٤ تایبەت بە پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیى لە ئەمڕۆوە دووشەممە، ١٠/٩/٢٠١٩ بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و هاوردەکردنى بەروبوومى هەنار لە دەرەوەى هەرێمی کوردستان بۆ ناو هەرێم قەدەغە دەبێت.
بڕیارەکە تا ئەوکاتەی بەروبوومی ناوخۆیی ساغ دەکرێتەوە و دەگاتە ئاستێک کە پێویستی بازاڕە ناوخۆییەکان پڕناکاتەوە، یان نرخ بە جۆریک بەرز ببێتەوە کە بەرژەوەندی بەکاربەرانی تیادا پارێزراو نەبێت، جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارەکە هەنگاوێکی دیکەی وەزارەتی کشتوکاڵە بە ئاراستەى پاراستنى بەروبوومى کشتوکاڵى ناوخۆیى و رێگریکردن لە زەرەرمەندبوونی جووتیارانی کوردستان.
رۆژی ٢٢/٨/٢٠١٩ گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، حوسێن حەمەکەریم رایگەیاند، بە مەبەستی پەرەپێدانی بەروبوومی ناوخۆیی و دڵنەواییکردنی جووتیاران بڕیارماندا، بە قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی تەماتە لە ١/٩/٢٠١٩ تا کاتێکی نادیار.