Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
11 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سێیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر بە بەشداری ٨٠ جووتیار و هاووڵاتی هەورامان، شارەزوور و هەولێر لە پارکی شانەدەر لە هەولێر دەستی پێ کرد.
لە ڤێستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار و بەرهەمەکانی، جۆرەها بەرووبوومی خۆراکی کشتوکاڵیی رووەکیی، ئاژەڵیی و بەرهەمی کاری دەستی خانمان نمایش کراوە و فێستیڤاڵەکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە، ئازاد محەمەد کە سەرپەرشتی فێستیڤاڵەکە دەکات دەربارەی سێیەمین فێستیڤاڵی هەناری هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند ''لەم فێستیڤاڵەدا، ٧٠ بۆ ٨٠ کەس بەشداری کردووە لە هەموو شوێنە جیاجیاکانەوە هاتوون و لە هەموو چین و توێژەکانی تێدایە و هەموو بەرووبوومەکانی کوردستان لێرە نمایش کراوە لە بەرووبوومی ئاژەڵیی، رووەکیی و بەرهەمی کاری دەستی خانمان، چەندین خانمی دەست رەنگین لەم وڵاتە هەیە هێشتا نەناسراون و نەبینراون وەم ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بەرهەمی کاری ئەو خانمانە بناسرێت''.
گوتیشی: ''من بۆخۆم نزیکەی ٢٢ جۆر کولەکەم هێناوە لە هەمووی گرنگتر کە من دڵم پێی خۆشە بۆئەوەی میللەت سوودی لێ وەربگرێت زەردەچەوەیە کە لێرە نمایشمان کردووە، برنجێکی تایبەتمان هێناوە کە تاقیکردنەوەم لەسەر کردووە و بە قەترە بەرهەممان هێناوە و لێرە نمایشم کردووە، نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ تۆن هەنارم هێناوە، ٢٥ تۆن ئاوی هەنارم هێناوە، سۆیا، چەڵتوک و کۆمەڵێک شتی زۆرم هێناوە''.
ئازاد محەمەد دەربارەی جۆرەکانی هەناری هەڵەبجە و ئەو جۆرەی لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش کراوە رایگەیاند ''جۆری هەنار زۆرە، بەڵام ئێستا هەموویان نەماون، وەک شیرین، مەلەسی، کاراڵی، لاڕەشەی سازان، ساڵەخانی، سوورە هەنار و هەناری ئەمریکی، بەڵام ئەوەی کە ئێستا مابن هەناری ئەمریکی و ساڵەخانییە''.
دەربارەی گرنگی فێستیڤاڵەکەش جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە گوتی: ''ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ جووتیاران زۆر گرنگە، چونکە بەشێکە لە بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران، پێشوازی خەڵکی هەولێریش زۆر زۆر باشە و وێنەی نابێتەوە، بەرووبوومەکان وای کردووە خەڵکێکی زۆر بێتە ئەم فێستیڤاڵە و گڕوتینێکی زۆری پێبدات''.
لە فێستیڤاڵەکەی هەولێردا جگە لە هەنار، ژمارەیەکی زۆری جۆراوجۆر کەرەستەی خۆراکیی بەرووبوومی خۆماڵی نمایشکراوە و سەردانکەرانی دەتوانن بیکڕن.
دیلان جەلیل یەکێکە لەو خانمانەی لە هەورامان-ەوە لەگەڵ هاوڕێ و کەسەکانی هاتوونەتە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر و چەندین جۆر بەرووبوومی خۆراکی دەستی خانمانی هەورامان و شارەزووریان هێناوە لە هەولێر دەیفرۆشن، دەربارەی بەرووبوومەکانیان بۆ ئاژانسی وانادۆڵو دوا و گوتی: ''دووەمین ساڵە بەشداری ئەم فێستیڤاڵە دەکەین، ئەوەی هێناومانە بەرهەمی هەورامان و شارەزوورە، هەموو شتە کوردەوارییەکانمان هێناوە، ترشی سماق و کەشک و دۆ و داندۆک و ترخێنە و جۆرەهاشتی دیکەی کوردەوارین''.
گوتیشی: ''ئەو کەرەستانەی لێرە دامانناون هەموویان بۆ فرۆشتنە، پێشوازی خەڵک زۆر زۆر باشە و کڕیارێکی زۆرمان هەیە، فێستیڤاڵەکە بۆخۆی زۆر باشە دەتوانین ئەو کەرەستانەی هەمانە لێرە بیانفرۆشین و ساغییان بکەینەوە، ئەوەی کە پێشتر نەماندەتوانی بیفرۆشین لێرە بۆمان ساغ دەبێتەوە''.
دیلان جەلیل دەربارەی ئەو بەرووبوومانەی لە فێستیڤاڵەکەدا دەیفرۆشن گوتی: ''بەشی زۆری ئەو کەرەستانەی هێناومانن دروستکراوی دەستی خۆمانن، بۆ نموونە ترخێنە و دۆکە، قەرەخەرمان و گەنمەکە لە شارەزوورەوە هێناومانە و بەرهەمی ئەوێن، بەڵام هەموویان بەرووبوومی خۆماڵین و شتی هاوردەی تێدانییە''.
گوتیشی: ''ئێمە شتێکی دیکەشمان هەیە، ئەوە ساڵی دووەمە کەلانە و نانی کوردی بە گەرمی لێرە دروستی دەکەین و دەیفرۆشین بە میوانەکان، کەلانە جۆرێکی نانی کوردییە پێکهاتەکەی هەویر و تەڕەپیازە و لەسەر ساج دەبرژێندرێت، سەرفیاتێکی زۆر باشی هەیە و خەڵک پێشوازییەکی زۆر باشی لێدەکات''.